دابەشکردنی بەشەخۆراک بە سیستمی ئەلیکترۆنی ڕێکدەخرێت
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ڕۆژی دووشەممە ٥ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی و شاندێكی بەرنامەی خۆراكی جیهانی WFPرەوشی ئاسایشی خۆراكی و بە ئەلیكترۆنیكردنی سیستەمی دابەشكاریی خۆراكی مانگانەی هاووڵاتیانیان تاووتوێكرد.
كەمال موسلیم وەزیری بازرگانی و پیشەسازی لە دیوانی وەزارەت پێشوازی لە شاندی بەرنامەی خۆراکی جیهانیی WFP کرد کە پێکهاتبوون لە ئیکرام ئەلهونی جێگری بەڕێوەری بەرنامەی خۆراکی جیهانی و عەدیلە خالید بەرپرسی پاراستنی کۆمەڵایەتی و مەنسوور رەسوڵ لە تیمی تەکنیکیی بەرنامەی خۆراکیی جیهانی.
لە کۆبوونەوەیەکدا کە بە ئامادەبوونی سەروەر كەمال هاواری بریكاری وەزارەت بۆ كاروباری بازرگانی و بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی بەڕێوەچوو، بە وردی ستراتیژ و پرۆژەكانی بەرنامەی خۆراكی جیهانی بۆ هەرێمی كوردستان باسكرا كە بریتی بوون لە گۆڕینی سیستەمی دابەشكردنی بەشە خۆراكی هاووڵاتیان بۆ شێوازی ئەلیكترۆنی لە رێگەی درووستكردنی داتابەیسێكی تایبەت بە زانیاری لەسەر هاووڵاتیان تا بتوانرێت لیستی ئەو كەسانە جیابكرێتەوە كە لە كوردستان ناژین یان ئاستی بژێویان بە جۆرێكە پێویستیان بەو بەشە خۆراكە نییە و رێكخستنی بەرنامەكە بە جۆرێك بۆ ئەو كەسانەی زیاتر پێویستیانە بەشە خۆراكیان بۆ دابین بكرێت.
لە هەمانكاتدا لە بارەی پاراستنی ئاسایشی خۆراك لە جیهان و ئەو هەوڵانەی دەدرێن لە تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی، بۆ سێكتەرە جیاوازەكانی زانیاریان خستەروو، وە بە پێویستیان زانی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی وەك لایەنێكی گرنگی سەرەكیی پەیوەندیدار بە بابەتی خۆراك هاوكار بێت.
وەزیری بازرگانی و پیشەسازی ئاماژەی کرد بە رەوشی خراپیی خۆراك و كێشە و گرفتەكانی هاووڵاتیان لە بارەی كواڵێتی و بڕی ئەو خۆراكەی كە مانگانە دەگاتە دەستیان و لە چوارچێوەی بەرنامەی خۆراكی جیهانی دابیندەکرێت، هەروەها بۆ چارەسەركردنی ئەمەش سیستەمی ئەلیكترۆنیی بەشە خۆراكی هاوڵاتیانی بە گونجاو و گرنگ زانی و بەڵێنی هاوكاریكردنی دەربڕی بۆ هەر كار و پرۆژەیەك كە خزمەتی هاووڵاتیان بكات.
هاوكات پێشنیاری بۆ شاندی میوان كرد كە بتوانن هاوكاری كەرتی پیشەسازی و كشتوكاڵی ناوخۆیی بكەن بۆ كارئاسانی بەدەستهێنانی پێداویستییە خۆراكییەكان لە ناوخۆ ، لای خۆیانەوە شاندەكە پێشنیارەكەیان بە گونجاو زانی و پێیان وابوو بیرۆکەکە دەتوانێت هاوكاری باشبێت بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەكانی ئەوان لە ناوچە جیاوازەكان، هەروەها شاندەكە ئاماژەیان بەوەكرد كە لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی حكوومەتی بەغدا لە لێكتێگەیشتنی كۆتاییدان و بڕیارە لە ئایندەیەكی نزیكدا پرۆژەكە بكەوێتە بواری جێبەجێكردن.