Skip to the content

بەشەخۆراکی هاووڵاتییان زووتر دەگەیەنرێتە دەستیان

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ڕۆژی چوارشەممە ٧ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، سەروەر كەمال هاواری بریكاری وەزارەت بۆ كاروباری بازرگانی، لەگەڵ تیمی وەزارەت تایبەت بە بابەتی بەشەخۆراكی هاووڵاتییان كۆبووەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا بە وردی باس لە گرفت و كێشەكان كرا و بڕیاریشە كاری ڕژد بۆ گەیاندنی خێرای ئەو بەشە خۆراكە بە هاووڵاتیان بکرێت کە لە حكوومەتی فیدڕاڵەوە دێت.

كۆبوونەوەكە بە ئامادەبوونی بەرێوەبەری گشتیی دیوان و بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی و نوێنەری وەزارەتی دارایی ئەنجام درا.

بریكاری وەزارەت بۆ کاروباری بازرگانی، ئاماژەی بەوەكرد ئەو گلەییانەی دەكرێت لەسەر جۆر و كوالیتی و بڕی خۆراكی مانگانە، پەیوەندی بە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمەوە نییە و راستەوخۆ لە حكوومەتی فیدڕاڵەوە دێت.
وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێم تەنها ئامرازێکە بۆ دابەشكردن و گەیاندنی بەشەخۆراك بە هاووڵاتیان، بە بوونی هەر گرفتێك لەبەردەم ئەو دابەشكردنەدا کە پەیوەندی بە ئێمەوە هەیە، پێویستە بە هەموو لایەك هەوڵبدەین لە زووترین كاتدا ئەو بڕە خۆراكە بگاتە هاووڵاتیان و لە كۆكاگاندا نەمێننەوە.

پاش گوێگرتن لە سەرجەم بەڕێوەبەران و ئامادەبووان، بڕیاردرا لە رێگەی چەند لیژنەیەكەوە چارەسەری كێشەكان بكرێ.