Skip to the content

وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی و وەزارەتی دارایی و ئابووری چارەسەری کێشەکانی بازرگانان و پیشەوەرانی سلێمانی دەکەن

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)-رۆژی یەکشەممە ٤ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، لە دیوانی وەزارەتی دارایی و ئابووری، کەمال موسلیم وەزیری بازرگانی و پیشەسازی و ئاوات شێخ جەناب، وەزیرى دارایی و ئابووری بە مەبەستی چارەسەرکردنی گیروگرفت و کێشەکانی بازرگانان و پیشەوەرانی سنووری پارێزگای سلێمانی کۆبوونەوە.

کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی سیروان محەمەد سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی و بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی و پیشەسازی و بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیاکان لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی و بەڕێوەبەری گشتیی باج و گومرگ لە وەزارەتی دارایی بەڕێوەچوو.

لە کۆبوونەوەکەدا باس لە کارئاسانیکردن بۆ کۆمپانیاکان لەڕووی جێبەجێکردنی ڕێنماییی ژمارە (١)ی ساڵی ٢٠١٩ ی هەموارکراو کرا، کە کار بە سیستەمی (مسک الدفاتر التجارية) بکرێت.
دواتر لیژنەیەک بە مەبەستی ئامادەکردنی پێناسەیەکی دیاریکراو بۆ پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی پێکهات بۆ ئەوەی بڕیاری لەسەر بدرێت.

دواتر گرفتەکانی بەردەم بازرگانان و بەڕێوەبەرایەتییە گشتیییەکانی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی گفتوگۆی لەسەر کرا و بڕیار درا ئاسانکاری بکرێت بۆ ئەوەی کارەکانیان نەوەستن، بەتایبەت لەبواری خەرجکردنی شایستەی کۆمپانیاکانی گواستنەوە و بارکردن و داگرتن.