Skip to the content

تۆماری ناوی بازرگانی و كۆمپانیاكان لە نێوان هەولێر و بەغدا رێك دەخرێت

رۆژی پێنجشەممە ٦ی نیسانی ٢٠٢٣، بڵند محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی تۆماری كۆمپانیاكانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ سەرۆكی ژووری بازرگانی حکومەتی فیدراڵ كۆبووەوە و تاوتوێی هاوسەنگی تۆماری ناوی بازرگانی و كۆمپانیاكانیان كرد.

كۆبونەوەكە بە ئامادەبوونی بەختیار حاجی، نوێنەری كارگێڕی حكومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا و سەرۆكی ژووری بازرگانی بەسرە و سەرۆكی یەكێتی ژوورە بازرگانییەكانی عێراق بەڕێوەچوو.
 
لە کۆبوونەوەکەدا باس لە هەماهەنگی و كارئاسانی نێوان هەولێر و بەغدا كرا بۆ تۆماركردنی ناوی بازرگانی و كۆمپانیاكان بەشێوەیەك هاوسەنگی و دووبارەنەبوونەوە لە تۆماری ناوەكان دا رەچاوبكرێت.

لە تەوەرێكی دیکەی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ کرا لەبارەی دامەزراندنی سەكۆیەكی ئەلیكترۆنی بۆ ئاڵوگۆڕی دراو بەشێوەیەكی سەردەمییانە .

ئەم كۆبوونەوەیە لە چوارچێوەی سەردان و كۆبوونەوەكانی شاندی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی بازرگانی و پیشەسازی لەنێوان هەرێم و بەغدا.