وەزیری بازرگانی و پیشەسازی پێشوازی لە نوێنەرانی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون کرد
ڕۆژى دووشەممە ١٧ى نیسانی ٢٠٢٣، كەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی پێشوازیی لە نوێنەرانی
فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوونی ئەنجومەنی وەزیران کرد كە بە مەبەستی بەدواداچوون لەبارەی سەردانەكانی شاندی وەزارەت بۆ بەغدا و كۆبوونەوەی جیا لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی عێراق و وەزارەتی پیشەسازی و كانزاكان هاتبوون.لە كۆبوونەوەكەدا كە هەر یەكە لە بەڕێوەبەرانی گشتیی بازرگانیی هەرێم و گەشەپێدانی پیشەسازی ئامادە بوون، لە لایەن وەزیری بازرگانییەوە ڕوونكردنەوەی پێویست لەبارەی چۆنییەتیی بەڕێوەچوونی كارەكانی نێوان هەردوولا خرایە ڕوو و باس لە سێكتەرە هاوبەشەكانی گەنم و سایلۆكان و بەشەخۆراكی هاووڵاتییان و كەرتی پیشەسازی کرا.
وەزیری بازرگانی گوتی: "بەڵێنمان وەرگرتووە ئارد و سەبەتەی خۆراكی مانگانەی هاووڵاتییان دوا نەكەوێت و لە كاتی خۆیدا بگات."
لە بەشێكی تردا باس لە گرفتەكانی نێوان هەردوو لا كرا و لەبارەی ئەنجامەكانی كۆبوونەوە و سەردانەكانی شاندی وەزارەت و ئەو پێشنیاز و ڕاسپاردانەی كراون، زانیاریی وردیان دایە نوێنەرانی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون.