کۆریای باشوور کار بۆ بە بازاڕکردن و هەناردەی بەرهەمەکانی هەرێمی کوردستان دەکات
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD) - رۆژی دووشەممە ٣ی نیسانی ٢٠٢٣، كەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە چۆ كیجۆنگ، كونسوڵی گشتی كۆماری كۆریا لە هەرێمی کوردستان كرد.
لە دانشتنێكدا هەردوولا باسیان لە پەیوەندییە بازرگانییەكانی نێوان هەرێمی کوردستان و كوریای باشوور كرد سەبارەت بە چۆنیەتی گەشەپێدانی ئابووری و پیشەسازی ناوچەكە .
كونسوڵی گشتی کۆریای باشوور بە گرنگییەوە باسی لە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتەکەی كرد و سەبارەت بە بایەخی هەبوونی كۆمپانیاكانیان لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند:''هەرێمی كوردستان ناوچەیەكی سەقامگیرە و لە هەوڵداین زۆرترین كۆمپانیاکانمان بێنە ئێرە تا كاری وەبەرهێنان بكەن، بازاڕی جیهان بازاڕی كۆریایە و ئامانجمانە سوود وەرگرتنە لە بازرگانی كوردستان بۆ گەشەی ئابووری هەردوولا و لە مان کاتیشدا كار لەسەر بردنە دەرەوەی بەرهەمی ناوخۆیی كوردستان دەکەین بۆ كۆریا و ناساندنی لە بازاڕەكان''
وەزیری بازرگانی و پیشەسازیش ئامادەیی وەزارەتەکەی دەربڕی بۆ هەر جۆرە هاریكارییەك كە ببێتە هۆی پتەوكردنی پەیوەندییەكان و پێشخستن و بەرزكرنەوەی ئاستی بازرگانی و پیشەسازی بەشێوەیەک کە سوودی بۆ هەرێمی كوردستان هەبێت و رایگەیاند:''ئێمە کاردەکەین ئاستی بەرهەمی ناخۆیمان بەرزبکەینەوە، تابتوانین پێداویستیەکانی خۆمان دابین بکەین و هەر کات لە پێداویستی ناوخۆیی زیاتر بوو ئەو کات هەناردەی دەکەین.''
پاشان هەر یەكە لە بریكاری وەزارەت بۆ كاروباری بازرگانی و بەڕێوەبەری گشتی پیشەسازی کە ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون، روونكردنەوەی زیاتریان لە بارەی كار و بەرنامە و پلانی وەزارەت و حكومەتی هەرێمی کوردستان خستەڕوو لەو بارەیەشەوە بریکاری وەزارەت رایگەیاند:'' لە کوردستان خواست لەسەر کاڵای کۆری هەیە و بەکاربەرێکی زۆر بەرهەمی کۆری بەکاردەهێنن.''