Skip to the content

هەرێمی كوردستان و بەنگلادیش هاوكاری یەك دەبن بۆ پێشخستنی پیشەسازی جلو بەرگ

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ ٢٢ی ئابی ٢٠٢٣، كەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی لە محه‌مه‌د فەزڵولباری، باڵیۆزی بەنگلادیش لە عێراق و نوێنەری بەشێك لە گەورە كارگەكانی جلوبەرگ لە بەنگلادیش كرد. 

له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا پرسی پێشخستنی بازرگانی و پیشه‌سازی جلوبه‌رگ له‌ نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌نگلادیش تاوتوێ كرا.

كه‌مال موسلیم رایگەیاند:''لەئێستادا ژمارەیەکی زۆر لە بازرگانانی هەرێمی كوردستان به‌ مه‌به‌ستی هاورده‌كردن و بازرگانی سەردانی بەنگلادیش دەکەن  و پێویستە ئەو دەرفەتە بەكاربهێنرێت بۆ پێشخستنی ئاستی بازرگانی و گواستنه‌وه‌ی ئەزموون و بەرهەمی بەنگلادیش لە بواری جلوبەرگ و بۆ دروستكردنی كارگەی گەورە و پێشخستنی پیشەسازی جل وبەرگ له‌ هه‌رێمی كوردستاندا.'' 

وەزیری بازرگانی و پیشەسازی، جه‌ختیكرده‌وه‌، كه‌ سیاسه‌تی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بایه‌خدانی زیاتره‌ به‌ كه‌رتی پیشه‌سازی و درووستكردنی ڕایه‌ڵه‌ی نوێی بازرگانییه‌ له‌ پێناو فره‌ جۆر كردنی سه‌رچاوه‌كانی داهات و بنیاتنانی زیاتری ژێرخانی ئابووری و له‌و ڕووه‌وه‌ ئاماده‌ی هه‌موو جۆره‌ هه‌ماهه‌نگی و كارئاسانییه‌كه‌.

له‌ به‌رامبه‌ردا، باڵیۆزی بەنگلادیش له‌ عێراق، ڕایگه‌یاند:'' ئەو تێڕوانینه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ پێشخستی په‌یوه‌ندییه‌ بازرگانییه‌كان و بوژاندنه‌وه‌ی كه‌رتی پیشه‌سازی، دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ گه‌یشتن به‌ ئامانجه‌كان.''

محه‌مه‌د فەزڵولباری،وتیشی:'' به‌نگلادیش ئاسانكاری ده‌كات بۆ هه‌نارده‌كردنی ڕاسته‌وخۆی كوتاڵ بۆ هه‌رێمی كوردستان و ئه‌نجامدانی پڕۆژەی هاوبەشی پیشەسازی له‌ بواری جلوبەرگدا.''

بەنگلادیش دووەم وڵاتە لە ڕیزبەندی وڵاتانی جیهان بۆ پیشەسازی قوماش و به‌رهه‌مهێنان و هه‌نارده‌كردنی جلوبەرگ.