Skip to the content

پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان هەرێم و ئەمریکا پێش دەخرێن

رۆژی سێشەممە ٨ی ئابی ٢٠٢٣ سەروەر کەمال هاواری، بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بۆ کاروباری بازرگانی پێشوازی لە ئەلیکساندر بێلا، بەرپرسی یەکەی ئابووری لە کونسوڵخانەی گشتی ئەمریکا کرد.

لە دیدارێکدا کە هەریەکە لە د.دارا سەعید، جێگری بەرپرسی یەکەی ئابووری و راوێژکاری پەیوەندییەکان و بەڕێوەبەری گشتی پلاندانان و بەدواداچوونی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی ئامادبوون، بریکاری وەزارەت تیشکی خستە سەر ئاستی پەیوەندی بازرگانی نێوان هەردولا و دۆخی بازاڕ و ئابووری هەرێمی کوردستان
 
 سەروەر کەمال هاواری رایگەیاند: ''بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان تا ئێستاش پشت بە بەرهەمی هاوردەکراو دەبەستن چونکە لەڕوی ئابوورییەوە هەرێمی کوردستان لە ئاستێکدا نییە بتوانێت لە ڕێگەی کارگەکان و پیشەسازی  پێداویستی ناخۆی پڕبکاتەوە.'' و ڕۆڵ و پاڵپشتی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی بە پشتیوانێکی بەهێز باسکرد بۆ تەواوی کارەکانی وەزارەت و پەیوەندییە بازرگانییەکان و پێشخستنی ئاستی بازرگانی و پیشەسازی لەناوچەکە.

بریکاری وەزارەت هەموو هاوکاری و کارئاسانییەکانی وەزارەتی بۆ بازرگانان و هەرلایەنێک کە بیانەوێت سەرمایەگوزاری بکەن لە هەرێمی کوردستان ڕوونکردەوە و بەگرنگییەوە باسی لە پێشخستن و بەهێزکردنی پەیوەندی بازرگانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا و کاریگەرییە ئەرێنیەکانی بۆ سەرئابووری ناوچەکە کرد.

لەلایەن خۆیەوە ئەلێکساندەر بێلا، خۆشحاڵی خۆی بە بینینی ئەزموونی هەرێمی کوردستان و پێشکەوتنەکانی دەربڕی و گرنگی پەیوەندیە بازرگانیەکانی وڵاتەکەیی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دا باسکرد وەک ناوچەیەکی ئارام لەعێراقدا کەجێی بایەخی ئەمریکایە و رایگەیاند: "ئێمە لە ئەزموونی پەیوەندییە سەربازیەکانمان سەرکەوتوبووین لەناوچەکە بۆیە لەم قۆناغەدا ئەمانەوێ ئەزمونی بەهێزکردنی پەیوەندی بازرگانی و ئابووری جێبەجێبکەین و سەرکەوتوو دەبین، پشتیوانی و هاوکاری هەردوولامان پێویستە بۆ گەیشتن بەئەنجامی باش."