شاندیكی بازرگانان و خاوەن كارانی توركیا سەردانی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازییان كرد
رۆژی یەکشەممە ١٧ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٣، سەروەر کەمال هاواری، بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بۆ کاروباری بازرگانیی، پێشوازی لە شاندێكی بازرگانان و خاوەن كارانی توركیا لە ڕێكخراوی USIAD (كۆمەڵەی پیشەسازان و خاوەن كارانی نێودەوڵەتی توركیا ) كرد، کە بە سەرۆكایەتی نواف كلش و یاوەری ١٨ بازرگان و خاوەن كۆمپانیا سەردانییان کردبوو.
لەكۆبوونەوەیەكدا كە بەڕێوەبەری گشتی پلاندانان و بەدواداچوون و بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی و بەڕێوەبەری كۆمپانیاكانی هەولێر ئامادەبوون، بریکاری وەزارەت بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و هیوای سەركەوتنی لە كارەكانیان بۆ خواستن، هەروەها شاندی میوان بانگهێشتنامەیەکی فەرمیان ئاڕاستەكردن بۆ بەشداری لە پانێڵەكانی هەشتەمین لوتكەی وەبەرهێنان و بازرگانی كە وابڕیارە لە ناوەڕاستی مانگی داهاتوو لە توركیا ئەنجام بدرێت.
هەر لەمیانەی كۆبوونەوەكەدا بریکاری وەزارەت تیشكی خستەسەر ڕۆڵی وەزارەت و ئەو كار و خزمەتگوزاریانەی كە پێشكەش بە بازرگانان دەكرێت و ئاماژەی بە بایەخی ئەم دیدار و بەیەکگەیشتنانە دا کە پێویستیەکی گرنگن بۆ بەرەو پێشبردن و گەشەسەندنی جوڵەی بازرگانی و ئابووری لە نێوان كۆماری توركیا و عێراق و هەرێمی كوردستان .