وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێم و وەزارەتی بازرگانی حکومەتی فیدراڵی کۆبوونەوە
رۆژی یەکشەممە ٢٤ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣، لە شاری بەغدا، هەردوو وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی بازرگانی حکومەتی فیدراڵ، کۆبوونەوەیەکی فراوانیان لە ئاستی باڵادا بە ئامادەبوونی وەزیرانی هەردوو وەزارەت و سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەت لە بەغدا ئەنجامدا، بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشە و ئاڵنگارییەکانی کارکردنی نێوان هەردوولا و ئاسانکردنی ڕێکارو بەڕێکردنی مامەڵە هاوبەشەکان.
لە کۆبوونەوەکەدا هەریەکە لەبەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێم و بەڕێوەبەری گشتی گەشەپێدانی پیشەسازی و بەڕێوەبەری تۆمارکردنی کۆمپانیا خۆماڵییەکان یاوەری کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی بوون.
لە کۆبوونەوەکەدا زۆرینەی گرفت و کێشەکانی نێوان هەردوو وەزارەت باسیان لێوەکرا و میکانیزمەکانی چارەسەرکردنیان خرانەڕوو چەند خاڵێکی گرنگیش بۆ چارەسەر بڕیاری لەسەر درا.
گرنگترین ئەو تەوەرانەی بابەتی سەرەکی کۆبوونەوەکە بوون:
تەوەری بازرگانی: بابەتی گەنم و شایستە داراییەکان و ڕێکخستنەوە و باشتر ئەنجامدانی پرۆسەکە لە ئایندەدا. لە هەمان کاتدا، بابەتی سەبەتەی خۆراکی و بەشە ئاردی مانگانەی هاووڵاتییان و هەوڵدان بۆ نەهێشتنی ئەو کەموکوڕی و ڕۆتینەی کە هەیە تادەگاتە دەستی هاووڵاتییان. بۆ ئەو مەبەستەش بەڕێوەبەرایەتی گشتی بازرگانی بەردەوام لەپەیوەندیدا دەبن تا چارەسەری تەواوی کێشەکان دەکرێت.
تەوەری پیشەسازی: بابەتی پەرەپێدانی بەرهەمی ناوخۆیی و بە بازاڕکردنی باسی لێوەکرا و بڕیارە خاوەن کارگە و کۆمپانیاکان لە هەرێمی کوردستان کە بەرهەمی خۆماڵی هەناردە دەکەن، سودمەندبن لەو بڕە پارەیەی کە وەک بەخشیش لە چوارچێوەی پرۆژەی هاندانی پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی دابین دەکرێت هاوشێوەی ناوچەکانی تری عێراق.
تەوەری کۆمپانیاکان: بابەتی کۆمپانیاکانی دەرمان کە تائێستاش لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە ڕێگەپێدانی پەڕاوی بەراییان بۆ نەدەکرا، چونکە بەپێی یاسای وەزارەتی تەندروستی تەنیا نووسینگە زانستییەکان مامەڵەی دەرمان دەکەن، و لەئەنجامی گفتوگۆ و لێک تێگەشتن و داواکاری وەزیری بازرگانی هەرێم لەم سەردانەدا توانرا بگەنە ئەو بڕیارە لەمەودوا پەڕاوی تۆماری بەراییان لەبەغدا بۆبکرێت، بەڵام تەنیا لە هەرێمی کوردستان ئەتوانن کاربکەن، کە بەم تۆمارکردنە ئەتوانن سەکۆی ئەلیکترۆنی بەکار بهێنن و لە ڕێگەیەوە کۆمپانیاکانی دەرمان مامەڵەی دراوەکانیان بکەن.
هەروەها ڕێکاری ئیداری ڕۆتینی لە نێوان بەغدا و هەولێر بۆ مەبەستی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان ئاسانکاری بۆکراوە و لەڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان هاووڵاتییان دەتوانی لەڕێگەی فۆڕمێکەوە مامەڵەکانی دەست پێ بکات. هەروەها بابەتی ڕێکارەکانی تۆماری کۆمپانیا و سەرجەم ئەو هەنگاوانەی پێویستن بڕیاری لێوەدرا کە هاوتا بێت واتە لە بەغدا و لە هەولێر هەمان شێواز تۆمارکردن پیادە بکرێت بۆ زیاتر کارئاسانی کردن بۆ هاووڵاتییان.