هەرێمی كوردستان و هیندستان كار لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییەكان دەكەن
ڕۆژی سێشەممە ٢١ی شوباتی ٢٠٢٣، كەمال موسلیم وەزیری بازرگانی و پیشەسازی پێشوازی لە دکتۆر ئەوساف سەعید ئەمین، جێگری وەزیری دەرەوەی هیندستان و شری پراشانت پایس، باڵیۆزی هیندستان لە عێراق كرد، كە هەر یەك لە سوبهاش ئێل كین، كونسوڵی گشتیی هیندستان لە هەرێم و چەند بەرپرسێكی دیپلۆماسیی هیندستان یاوەرییان دەكرد، كە بە مەبەستی پتەوكردنی پەیوەندیی ئابووری و بازرگانیی نێوان هیندستان و هەرێمی كوردستان هاتبوون.
لە كۆبوونەوەیەكدا هەریەكە لە بەڕێوەبەرانی گشتیی پلاندانان و بەدواداچوون و بازرگانی و گەشەپێدانی پیشەسازی ئامادەی بوون، باسیان لە پەیوەندییەكانی نێوان هیندستان و هەرێمی كوردستان كرد و تاووتوێی ئەو دەرفەتانە كران كە دەبنە هۆی پێشخستنی پەیوەندییە بازرگانییەكانی نێوان هەردوولا.
وەزیری بازرگانی و پیشەسازی گوتی: "بەلامانەوە گرنگە لەڕووی پیشەسازی و بازرگانی لەگەڵ هیندستان وەک وڵاتێكی فرە پیشەیی كە ئاستێكی بەرزی بازرگانی و پیشەسازی هەیە، پەیوەندییەكانمان بەرەو پێش ببەین، بۆ ئەوەی بتوانن ڕۆڵیان هەبێ لە وەبەرهێنان و ئابووری و بازرگانی لە هەرێم، هەر جۆرە كارئاسانییەك پێویست بێت بۆ ئەو مەبەستە لە ڕێی وەزارەتمانەوە دەكرێت.
هەروەها ئاماژەشی بە كەشی لەبار و ئارامیی هەرێمی كوردستان كرد، لەڕووی ئاسایش و پارێزراوییەوە بۆ ئەوەی هەر وڵاتێك بیەوێت سەرمایە و وەبەرهێنان لە هەرێمدا بكات.