بەڵێنی ناردنی پارەی گەنمی ساڵانی پێشووی جوتیاران لە بەغدا وەرگیراوە
جوتیارانی هەرێمی كوردستان سەردانی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازییان كرد و داواكاری و پرسیار و تێبینییەكانیان لە بواری كشتوكاڵی گەیاندە وەزیری بازرگانی و پیشەسازی.
ڕۆژی یەكشەممە، ٥ی شوباتی ٢٠٢٣، كەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی پێشوازی لە ژمارەیەک جوتیاری ناوچەكانی هەرێم کرد، كە تێیدا كێشە و گرفت و داواكارییەكانیان لە بارەی ساغكردنەوەی بەرهەمەكانیان لە بازاڕدا گەیاندە وەزیر.
وەزیری بازرگانی و پیشەسازی ڕوونكردنەوەی پێویستی لە بارەی چۆنیەتیی هاوكاریكردنی جوتیاران و خاوەن كارگە و ئەو كەسانەی لە ناوخۆی هەرێم وەبەرهێنان دەكەن دا، تا بتوانن بە ئاسانی و بەبێ زیان بەرهەمەكانیان لە بازاڕەكانی هەرێمدا ساغ بكەنەوە.
لە بارەی پارەی گەنمی جوتیاران، گوتی: "بەڵێنی تەواومان بۆ خەرجكردنی پارەی گەنمی ساڵانی پێشووی جوتیاران وەرگرتووە و لە ئایندەیەكی نزیكدا و لە پاش تەواوبوونی ڕێكارە ئیدارییەكان دەگاتە هەرێم."
لە پاش گوێگرتن لە داواكاری و گرفتەكانیان، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی بەڵێنی هەموو هاوكارییەكی پێدان و گوتی: "هەر هەوڵێك بۆ چارەسەركردنی گرفتی جوتیاران و ئەوانەی خاوەن بەرهەمی خۆماڵین پێویست بێت، ئێمە كاری بۆ دەكەین و لە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتەكانی دیكەی هەرێم و وەزارەتە پەیوەندارەكانی بەغدا بەردەوام دەبین."