Skip to the content

وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی کەمکردنەوەیەکی نهێنی رادەگەیێنێت

بە مەبەستی گەرەنتی خەزنكردن و بەتاڵكردنەوەی دانەوێلە بە رێگایەكی تەندروست و پارێزراو سنووری هەورامان و هەڵەبجە و شارەوزوور وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان کەمکردنەوەیەکی نهێنی بۆ دامەزراندنی سایلۆیەک لە پارێزگای هەڵەبجە رادەگەیێنێت.
لە ڕاگەیێندراوێکدا وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات کە نیازی ئەنجامدانی پرۆسەی کەمکردنەوەی نهێنی هەیە بۆ دابینكردن و دامەزراندنی سایلۆی ستیلی بە قەبارەی ٤٠ هەزار تۆنی ١٠ كۆگا و باڵەخانەکانی و بەشەكانی لە پارێزگای هەڵەبجە.

ئەم پرۆژەیە لەسەر بنەمای پرۆژەی رادەستكردنی ئامادەكراو جێبەجێ دەكرێت و پێكدێت لە نەخشە دانانی گشت بەشەكانی پرۆژەكە وە پێدانی نەخشەی ئەندازیاری پێویست لەگەڵ خەسڵەت و ژمێریاری ئەندازیاری و ئامادەكردنی و دابینكردنی ئامێر و كەلوپەلە پێویستەكان و جێبەجێكردنی كارە شارستانیەكان و میكانیكی و كارەبایی پێویست بۆ دامەزراندن و جێبەجێكردنی پرۆژەكە بە باشترین شێوە كە لەڕوی ستاندەرەوە لە پلە یەكدا بێت.
ئەم پرۆژەیە پێكهاتووە لە جێبەجێكردن و دابینكردن وە ئەنجام گەیاندنی هەموو باڵەخانە و بەشەكانی و رێگاكانی و خزمەتگوزاریەكان و دابینكردنی ئامێرەكان وە كەلوپەلەكانی ئەو پرۆژەیە و بەشەكانی تر كە پێویستە بۆ دڵنیابوون و گەرەنتی لە كارپێكردن و بەكارخستن بە باشترین شێوە و جۆری سایلۆ.
لەم پرۆسەیەشدا وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەڵدەستێت بە هەڵسەنگاندنی ئەو كۆمپانیایانەی كە توانا و نیازی جێبەجێكردنی پڕۆژەی لەو شێوەیەی هەیە ئەوەش لە چوارچێوەی هەڵسەنگاندنی و لێهاتویی و شیاوی كۆمپانیا پێش ئاراستە كردنی داوانامە بۆیان ، بۆ بەشداری كردنیان لە پرۆسەی كەمكردنەوەی بۆ ئەو پرۆژەیە.
پێویستە ئەو كۆمپانیایانەی كە گرنگی بە جێبەجێكردنی ئەو جۆرە پرۆژانە دەدەن سەردانی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بكەن بۆ پێشكەشكردنی نووسراوی فەرمی كۆمپانیاكەیان.
ماوەی راگەیاندنی ئەو کەمکردنەوەیە ٢٨ رۆژە و لە رێكەوتی ٢ی شوباتی ٢٠٢٣ دەست پێ دەكات و دوایین مۆلەت بۆ وەرگرتنی دۆكیومێنتی شیاندنی سەرەتا و فۆرمی شیاندنی لە كۆمپانیاكان لە رۆژی ١ی ئاداری ٢٠٢٣ دەبێت.

تێبینی: بۆ دەست خستنی زانیاری زیاتر دەتوانن سەردانی ئەم مالپەرە ئەلەكترۆنیەی بكەن: info@moti.gov.krd بەم ناونیشانە پرسیارەكانی خۆتان ئاراستەمان بكەن.