کار بۆ بەڕێوەچوونی کۆڕبەندی ئابووری لە هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیا دەکرێت
رۆژی پێنجشەممە ٢ی شوباتی ٢٠٢٣، کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی بە ئامادەبوونی سەروەر کەمال هاواری، بریكاری وەزارەت بۆ كاروباری بازرگانی، پێشوازی لە ژیان کەرکوکی، سەرۆکی كۆمەڵەی دۆستایەتی كوردی - ئەڵمانی و ئارمانج محمد سلیم، جێگری کۆمەڵەکە کرد.
ئامانجی سەردانی شاندی كۆمەڵەی كۆمەڵەی دۆستایەتی كوردی - ئەڵمانی بۆ وەزارەت ناساندنی كار و چالاكیەكانی كۆمەڵەكە بوو لە ئەڵمانیا و ئامادەكاری بۆ ئەنجامدانی كۆڕبەندی ئابووریی لە هەولێری پایتەخت و وڵاتی ئەڵمانیا و نیشاندانی هەرێمی كوردستان بە ئەڵمانیا وەك هەرێمێكی سەقامگیر بۆ كار و بزنس و وەبەرهێنان لە گشت ڕوێكەوە.
لەدیدارەکەدا وەزیری بازرگانی و پیشەسازی پشتگیری خۆی و تەواوی وەزارەتەکەی نیشاندا بۆ هەر دەستپێشخەریەك كە ببێتە مایەی پەرەپێدان و پێشكەوتنی ئابووری لە هەرێمی كوردستان .