دیداری بازرگانیی هاوبەشی نێوان بەریتانیا و کوردستان بەڕێوە چوو
ڕۆژی چوارشەممە، ١٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٣، کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی و شاندێکی یاوەری لە نوێنەرانی حکومەت و دەستەی گەشتوگوزار و کۆمپانیاکان لە لەندەن، بە ئامادەبوونی محەمەد جەعفەر سەدر، باڵیۆزی عێراق، لە دیداری بازرگانیی هاوبەشی نێوان بەریتانیا و کوردستان بەشدار بوون.
لە میانی دیدارەکەدا وەزیری بازرگانی و پیشەسازی تیشکی خستە سەر گرنگیی بەهێزکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان هەرێم و بەریتانیا و چۆنیەتیی پێشخستن و دانانی نەخشەڕێگەیەک بۆ جێبەجێکردنی ئەو پرۆژانەی پێویستییان بە ئەزموون و تەکنەلۆجیای بەریتانیا هەیە، کە بێنە هەرێم. جێی ئاماژەیە ئەم دیدارانە لە ڕۆژانی داهاتوودا بەردەوامییان دەبێت.