شاندێکی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی لە ڕاگەیاندنی ئەنجومەنی كاری كوردستان عێراق - بەنگلادیش بەشداریی کرد
ڕۆژی پێنجشەممە، ١٥ی حوزیرانی ٢٠٢٣، شاندێکی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی کە پێک هاتبوو لە سەروەر کەمال هاواری، بریکاری وەزارەت بۆ کاروباری بازرگانی و بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی، بەشدارییان لە ڕاگەیاندنی ئەنجومەنی كاری كوردستان عێراق - بەنگلادیش کرد، کە بە ئامادەبوونی دكتۆر محەمەد باری، باڵیۆزی بەنگلادیش لە عێراق و دكتۆر ئەحمد جەلال، سەرۆكی ئەنجوومەنەكە و دەیان بازرگان و خاوەنكاری هەردوو وڵات، ئەنجومەنی ناوبراو ڕاگەیەنرا.
لە گوتەیەكدا بە ناوی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، بریکاری وەزارەت بەخێرهاتنی باڵیۆز و شاندی یاوەریان كرد و پیرۆزبایی و دەستخۆشییان لە ڕاگەیاندنی ئەنجومەنەكە کرد؛ هیوای سەركەوتنیان بۆ خواستن و ڕایان گەیاند "ئەم ئەنجوومەنە دەتوانێت ببێتە پردێكی پەیوەندیی ئابووری لە نێوان هەردوو لا، وە هەوڵی دروستكردنی هەماهەنگی لە نێوان بازرگانان و خاوەنكار و كۆمپانیاكانی كوردستان و بەنگلادیش بدات و دەرفەتی كار و سەرمایە بڕەخسێنێت".