وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی و کۆمەڵەی پیشەسازیکاران و پیاوانی کاری تورکی - عێراقی کۆ بوونەوە
ڕۆژی سێشەممە، ١٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٣، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی بە وەکالەت، پێشوازیی لە شاندی باڵای كۆمەڵەی پیشەسازیكاران و پیاوانی كاری توركی - عێراقی (تیسیاد) و (٢٥) بازرگان و خاوەنکاری تورکیا کرد.
لە کۆبوونەوەیەکدا کە هەر یەکە لە سەروەر کەمال هاواری، بریکاری وەزارەت بۆ کاروباری بازرگانی و عەلی عوسمان، بریکاری وەزارەت بۆ کاروباری پیشەسازی و ڕاوێژکاری پیشەسازی و هەر یەک لە بەڕێوەبەرانی گشتیی پلاندانان و بەداواداچوون و دیوان ئامادەی بوون، چەندین تەوەرەی گرنگی بازرگانی و پیشەسازی و ئابووریی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی توركیا گفتوگۆیان لەبارەوە كرا و پێشنیازی بەسوود لە بەرژەوەندیی گەشەی بازرگانی و بەرزكردنەوەی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان هەردوو وڵات خرانە ڕوو.