پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان هەرێم و تورکیا لە ئاستێکی بەرزدان
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD) – ڕۆژی دووشەممە ٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٣، کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە محمد مەولود یاقوت، کونسوڵی گشتی تورکیا لە هەولێر کرد.
لە دیدارێکدا کە سەروەر کەمال هاواری، بریکاری وەزارەت بۆ کاروباری بازرگانی ئامادەی بوو، باسیان لە پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان هەرێم و تورکیا کرد و ئاماژەیان بەوەدا کە ئەو پەیوەندییانە لە ئاستێکی بەرزدان.
هەر لە دیدارەکەدا تیشک خرایە سەر مامەڵە بازرگانییەکانی نێوان هەرێم و تورکیا و پلان و بەرنامە و پێشنیاری دروست بۆ پێشخستنی پەیوەندییەکان و هاوئاهەنگی خرانە ڕوو.
کونسوڵی گشتی تورکیا لە هەولێر باسی لە ڕۆڵ و گرنگی هەبوونی پەیوەندییەکی باش کرد و ئاماژەی بەوەدا کە پەیوەندییەکان لە ئاستێکی بەرزدان لەگەڵ هەرێمی کوردستان و ئاماژەشی بە کاریگەرییە ئەرێنییەکانی ئەو پەیوەندییە لەسەر ئابووری وڵاتەکەی کرد و بابەتی کۆمپانیا تورکیەکان و چالاکیەکانیان و دەروازە هاوبەشەکانی نێوان هەرێمی بەچەند پرسیار و ڕونکردنەوەیەک ئاماژەپێدا.
وەزیری بازرگانی و پیشەسازی ئەو پێشکەوتنەی کە لە پەیوەندی بازرگانی لەگەڵ تورکیادا هەیە بە گرنگ وەسف کرد و وتی: ''پەیوەندیمان باشە و دەرفەتی باشترکردنیشی هەیە، پێویستە هەردوولا هاوکار بین بۆ ئەو ئامانجە، چونکە لەئێستادا پشکی کۆمپانیا تورکییەکان لە هەرێمی کوردستان لە ڕیزبەندی یەکەم دایە لە نێو کۆمپانیا بیانیە تۆمارکراوەکان و ڕێژەی سەدا پەنجا پێکدەهێنن.''
کەمال موسلم، ئاماژەشی بەوەدا کە ئێستا لە هەرێمی کوردستان تۆماری کۆمپانیاکان و دامەزراوە بازرگانییەکان بە دیجیتاڵ کراون و بە تێچوییەکی کەم و ماوەی کەم دەتوانرێت ناوی بازرگانی تۆمار بکرێت و بەڕێنمایی نوێ کۆمپانیا بیانییەکان وەک کۆمپانیای نیشتمانی کاربکەن.