وەزیری بازرگانی و پیشەسازی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق چەند پرسێکیان تاووتوێ کرد
سێشەممە، ٣٠ی ئایاری ٢٠٢٣، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، پێشوازیی لە کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی هەرێم کرد و چەند پرسێکی تایبەت و هاوبەشی نێوان بەغدا و هەرێمیان تاووتوێ کرد.
لە کۆبوونەوەیەکدا بە ئامادەبوونی فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێم لە بەغدا، بابەتی پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی بە وردی تاووتوێ کرد و هەروەها پرسی هەناردەکردن و ساغکردنەوەی بەرهەمی کشتوکاڵی و کارگەکانی هەرێم بۆ ناوچەکانی تری عێراق و دابینکردن بەشە سووتەمەنیی پێویست بۆ کارگەکانی کوردستان باس کران؛ سەرۆکوەزیرانی عێراق بەڵێنی دا کە بەدواداچوون بۆ بابەتەکان بکات و گوتی "نابێ جیاوازی لە نێوان هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی تری عێراق بکرێت."
جێی ئاماژەیە وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی هەرێم بەردەوام لە پەیوەندی و سەرداندان لەگەڵ لایەنە پەیوەنددارەکانی حکومەتی فیدڕاڵ، بە مەبەستی چارەسەرکردنی گرفت و ئاسانکاری بۆ هاووڵاتییان و بازرگانان و خاوەن کارگەکانی هەرێم.