وەزیری بازرگانی و پیشەسازی پێشوازیی لە شاندێکی ئەكادیمیی زانكۆی سۆفیای بولگاریا کرد
ڕۆژی سێشەممە، ٢٣ی ئایاری ٢٠٢٣، کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی، پێشوازیی لە تیۆدۆر یالامۆڤ، سەرۆكی زانكۆی سۆفیای بولگاریا و دكتۆر ئیدریس هادی، سەرۆكی زانكۆی تیشك و شاندی ئەكادیمی زانكۆی سۆفیا کرد.
لە کۆبوونەوەیەکدا کە ڕاوێژکاری پەیوەندییەکانی وەزارەت ئامادەی بوو، گفتوگۆ کرا لەسەر جێبەجێكردنی پەیڕەوی ئەكادیمی لە بواری بزنس و پرۆژەكانی ئابووری لەنێوان وڵاتی بولگاریا و هەرێمی كوردستان و بەهێزكردنی ئاڵوگۆڕی ئەزموونی هەردوو لا، نەك تەنیا لە بواری ئەكادیمی، بەڵكوو لە بواری كەرتی تایبەت و حوكوومی و ژوورە بازرگانییەكان.
وەزیری بازرگانی و پیشەسازی خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی بۆ هاتنی شاندی میوان و ئامادەیی وەزارەتی نیشان دا بۆ هەماهەنگی لەگەڵ لایەنی بولگاری؛ شایەنی باسە زانكۆی تیشك لەگەڵ زانكۆی سۆفیا ڕێككەوتننامەیەكیان واژوو كردووە لە بواری بیزنس و كارگێڕی و ئابووری كە هیوایان خواست وەزارەت ببێتە لایەنێكی پشتگیری بۆ ئەو لێكتێگەیشتنەی نێوان هەردوو لا.