Skip to the content

کار لەسەر پێشخستنی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان هەولێر و لەندەن دەکرێت

رۆژی چوارشەممە ١ی  تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەشازی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە میشێڵ کریستۆ، بەڕێوەبەری گشتی ئەنجومەنی کاری بەریتانی_عێراقی IBBC و شاندێکی یاوەری کرد.

لە دیدارێدا کە سەروەر کەمال هاواری، بریکاری وەزارەت بۆ کاروباری بازرگانی ئامادەی بوو، پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان بەریتانیا و هەرێمی کوردستان تاوتوێ کران و ئاماژەش بە ژمارەی کۆمپانیا بەریتانییەکان کرا کە لە ئێستادا لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراون و سەرمایەگوزاری دەکەن.
 
 وەزیری بازرگانی و پیشەسازی رایگەیاند: ''کۆمپانیا بیانییەکان بەتایبەتی بەریتانییەکان، دەکرێت زیاتر بکرێن و چالاکبن لە پێشخستنی بازرگانی و سەرمایەگوزاری زیاتر بێننە ناوچەکە.''
 
کەمال موسلیم، ئاماژەشی بەوەدا کە لە چوارچێوەی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەموو ڕێکارەکانی بۆ ئەو مەبەستە ئاسان کردووە و هەر هەوڵ و دەست پێشخەرییەک کە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی پەیوەندییە بازگانییەکان بە ئامانجی پێشخستنی ئابووری کوردستان بێت هاوکار و هەماهەنگی دەکەن.