Skip to the content

پەیوەندی بازرگانی نێوان ژاپۆن و هەرێمی کوردستان تاوتوێ دەکرێت

رۆژی یەکشەممە ٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ئاراکاوا میکیهیرۆ، بەڕێوەبەری نووسینگەی قونسوڵگەری ژاپۆن لە هەولێر کرد.
 
لە دیدارێکدا کە سەروەر کەمال هاواری، بریکاری وەزارەت بۆ کاروباری بازرگانی ئامادەی بوو، تاوتوێی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ژاپۆن کرا و سەرنج و پێشنیاری پێویست لەبارەی پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکان خرایەڕوو.

وەزیری بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان، باسی لە کارنامەی حکومەت و ئەجێندای کارو پرۆژەکانی وەزارەت بۆ پێشخستنی کەرتی بازرگانی و پیشەسازی کرد و بەرچاوڕوونی دا لەبارەی ئەو یاسا و ڕێنماییانەی کە کارئاسانی بۆ بازرگان و وەبەرهێنەرانی ژاپۆنی دەکات تا بتوانن بێنە هەرێمی کوردستان و کاری وەبەرهێنان بکەن.

لەلایەن خۆیەوە بەڕێوبەری نووسینگەی هەولێری قنسوڵگەری ژاپۆن بەگرنگییەوە باسی لە بابەتی بازرگانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان کرد و رایگەیاند : ''هەرێمی کوردستان ناوچەیەکی جێی بایەخە بۆ ئێمە و دەمانەوێت زیاتر پەرە بە پەیوەندییە بازرگانییەکان بدەین و پرۆژەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان ئەنجام بدەین.''