Skip to the content

کار بۆ رێکخستنەوەی نرخ لە شوێنە گەشتیارییەکان دەکرێت

رۆژی سێشەممە٣١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، ئەمەل جەلال، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە نەوزاد شێخ كامل، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی بازرگانی و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرانی چاودێری بازرگانی لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان کرد. 

لە کۆبوونەوەیەکدا باس لە بوونی هەماهەنگی لە نێوان دەستەی گەشتوگوزار و وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی کرا، ئەوەش بە ئامانجی رێکخستنەوەی نرخ لە شوێنە گەشتیارییەکان.

سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار، ئاماژەی دا کە لە رێگەی لیژنەکانی پۆلین و پشکنین لە بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان، کار کراوە بۆ چاودێری کردنی ئاستی کوالیتی خزمەتگوزاری و نرخ لە شوێنە گەشتیارییەکان.

ئەمەل جەلال راشیگەیاند:''لە ئێستادا لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان کار دەکرێت بۆ پێداچوونەوە بە باج و رسوماتی سەر بنکە و پێگە گەشتیارییەکان کە پەیوەندی راستەوخۆیان هەیە بە نرخی خزمەتگوزارییەکان لەو شوێنانە.''

لەلایەن خۆیەوە به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی بازرگانی بە گرنگیەوە باسی لە کەرتی گەشتیاری لە هەرێمی کوردستان کرد و ئامادەیی تەواوی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی دەربڕی بۆ هەر هەماهەنگییەک کە ببێتە مایەی رێکخستنەوەی نرخ لە شوێنە گەشتیارییەکان. 

لە کۆتاییدا بڕیاردرا لێژنەیەکی هاوبەش لە نێوان دەستەی گەشتوگوزار و چاودێری بازرگانی پێک بهێنرێت بە مەبەستی هەڵگرتنی هەنگاوی کرداری بە ئامانجی ڕێکخستنەوەی نرخ لە شوێنە گەشتیارییەکان.