حکومەتی هەرێم لەگەل هەریەک لە بالیۆزی عێراق لە ئیسپانیا و باڵیۆزی ئیسپانیا لە بەغدا کۆبونەوە
رۆژی هەینی ٢٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، لە چوارچێوەی دیدارەکانی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا، كەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پيشەسازی و بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، لە نیوەڕۆ خوانێکدا لەگەڵ هەریەک لە د.ساڵح حوسێن، باڵیۆزی عێراق لە ئیسپانیا و پیدرۆ مارتینس، باڵیۆزی ئیسپانیا لە عێراق کۆبوونەوە .
لە دیدارەکەدا تاوتوێی هەماهەنگی و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسپانیا وعێراق و هەرێمی کوردستان کرا و باس لە بوارەکانی پێشخستنی سێکتەری کشتوکاڵ و بازرگانی و پیشەسازی و ئاسانکاری بۆ جموجوڵی ئابووری و سەرمایەگوزاری نێوان وەبەرهێنەرانی ناوخۆیی و ئیسپانی، بە ڕەچاوکردنی بەرژەوەندییەکانی هاووڵاتیانی عێراق بە گشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی کرا.
پێش دیدارەکە لە دیدارێکی تایبەتدا لەگەڵ د.ساڵح حوسێن، باڵیۆزی عێراق لە ئیسپانیا تاوتوێی هەماهەنگی و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسپانیا و عێراق و هەرێمی کوردستان کرا.
هەر لەو دیدارەدا داوا لە باڵیۆزی عێراق لە ئیسپانیا کرا، ڕۆڵی خۆی بگێڕێت بۆ کارئاسانی کردن و ڕەخساندنی دەرفەتەکانی پێشخستنی سێکتەری کشتوکاڵ و بازرگانی و پیشەسازی و هەماهەنگی نێوان وەبەرهێنەرانی عێراقی و کوردستانی و ئیسپانی، تا بەیەکەوە هاوبەشی بکەن لە دامەزراندنی کارگە و پڕۆژەی گرنگ و ستراتیژی و بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری و پیشەسازی کشتوکاڵی لە عێراق و هەرێمی کوردستان .