شاندێکی پیشەسازی ئێرانی سەردانی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی دەکەن
![](/media/22639/fb_img_1696776151434.jpg?anchor=center&mode=crop&width=1200&height=630&rnd=133413043960000000)
رۆژی یەکشەممە ٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی پێشوازی لە شاندێکی کۆمپانیاکانی بواری پیشەسازی ئێرانی کرد کە بەمەبەستی ئەنجامدانی چەند پرۆژەیەکی پیشەسازی و پێشنیاری دروستکردنی چەند کارگەیەک سەردانیان کردبوو.
لەکۆبوونەوەیەکدا عەلی عوسمان، بریکاری وەزارەت بۆکاروباری پیشەسازی و بەڕێوبەری گشتی دیوان و بەڕێوەبەری گشتی گەشەپێدانی پیشەسازی ئامادەبوون، باس لە چۆنیەتی کارئاسانیەکانی وەزارەت بۆ پێشخستنی کەرتی پیشەسازی و هاوکاریکردنی هەر گرووپ و کۆمپانیایەک کە بیەوێت بێتە کوردستان و لەوبووارەدا کاربکات کرا.
لەکۆبوونەوەکەدا وەزیری بازرگانی و پشەسازی جەختی لەسەر پلانی ساڵانەی وەزارەت بۆ پێشخستنی کەرتی پیشەسازی کرد و ئامانجی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ ئەو مەبەستە خستەڕوو، وتیشی: ''لە بواری پیشەسازیدا ئێمە ڕەچاوی ناوچەی جوگرافی و سامانی سروشتی و بوونی کەرەستەی خاو لەناوچەکەدا دەکەین بۆ دروستکردنی کارگەکان، هەروەها یاساکانی هەرێمی کوردستان بەجۆرێک ڕێکخراون کارئاسانی تەواویان بۆ خاوەن سەرمایە و کارگەکان کردووە.''