شاندێکی یونسیف سەردانی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی کرد
رۆژی دووشەممە ١٦ ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، سەروەر کەمال هاواری، بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی پێشوازی لە شاندێكی سەرۆکایەتی ناوەندی جێنسیس ئەنالیتیکسی سەر بە ئۆفیسی یونسیف لە عێراق کرد.
ئامانجی سەردانەکە ئامادەکردنی ڕاپۆرتێک بوو لەسەر ڕەوشی ئابووری هەرێمی کوردستان و ئەو پێشکەوتنەی کە لە بواری هەمەچەشن کردنی سەرچاوەکانی داهات کاری بۆ کراوە و بۆ ئەوەی بزانرێت تا چ ئاستێك کارئاسانی بۆ وەبەرهێنەران و بازرگانانی بیانی کراوە بۆ ئەوەی بێنە هەرێمی کوردستان و سەرمایەگوزاری بکەن.
لە کۆبوونەوەکەدا باس لە هەنگاوەکانی بە دیجیتاڵ کردنی سیستەمی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان کرا کە قۆناغی باشی بڕیوە و لە داهاتوویەکی نزیکدا، هەرێمی کوردستان زۆربەی کارەکانی بە سیستەمی دیجیتاڵی بەڕێوەدەچێت.
هەر لەو دیدارەدا، تاوتوێی چەندین بابەتی پەیوەست بە بەشەخۆراكی هاووڵاتیان ، نرخی كاڵا و شمەك ، ئاسایشی خۆراك و ئاستی بژێوی هاووڵاتییان كرا.