Skip to the content

ئیسپانیا پشتیوانی لە پێشخستنی کەرتی بازرگانی و پیشەسازی و کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان دەکات

لە چوارچێوەی سەردانە فەرمییەکەی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەهەماهەنگی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە ئیسپانیا و ژووری بازرگانی عێراق لە ئیسپانیا، لەگەڵ کاربەدەستانی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی و گەشتوگوزاری ئیسپانیا لە مەدرید کۆبونەوە.

لە کۆبونەوەکەدا جەختکرایەوە لەسەر هەماهەنگی و پەرەپێدانی پەیوندییەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی ئیسپانیا. هەریەک لە کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی و بێگەردتاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بە وردی پێشکەوتنەکانی کەرتی کشتوکاڵی و بازرگانی و پیشەسازییان لە هەرێمی کوردستان بۆ ئامادەبووان خستەروو، هاوکات لەگەڵ پێشکەشکردنی داتا و زانیاری و کار و چالاکییەکان و دەرفەتەکانی وەبەرهێنان و ئەنجامدانی سەرمایەگوزاری .

لە کۆبنەوەکەدا بەرپرسانی ئیسپانی پشتیوانی خۆیان بۆ شاندەکەی حکومەتی هەرێم دەربڕی، بەمەبەستی بەشداری پێکردنی حکومەتی هەرێم لە کۆمەکی دارایی و تەکنیکی پشتوانی و ئەکادیمی لە چوارچێوەی بەرنامەکانی داهاتوویان بۆ گەشەی ئابوری و کشتوکاڵی و پیشەسازی و بازرگانی و هاندانی کۆمپانیاکانی وەبەرهێنان .