Skip to the content

گەشە بە پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان هەولێر و ئیسلامئاباد دەدرێت

ڕۆژی چوارشەممە، ١١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە ئەمجەد ئەحمەد عەلی، باڵیۆزی کۆماری پاکستان لە عێراق کرد.

لە دیدارێکدا، گفتوگۆ لەبارەی بەرزکردنەوەی ئاستی بازرگانیی نێوان هەرێمی کوردستان و پاکستان کرا و تیشک خرایە سەر کردنەوەی هێڵی ئاسمانیی نێوان هەرێمی کوردستان و پاکستان، کە ئەوەش هەوڵێک دەبێت بۆ نزیکبوونەوەی بازرگانان و خاوەنکارانی هەردوولا، تا بتوانن ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان هەردوولا ببەنە قۆناغێکی باشتر.

لە هەمان کاتدا دامەزراندنی ئەنجومەنی کاری پاکستانی لە هەرێمی کوردستان یەکێکی دیکە لە بابەتەکانی گفتوگۆکە بوو کە هاوشێوەی سەنتەرە بازرگانییەکانی تری وڵاتان، کە لە چوارچێوەی کاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیدایە.

وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەوهەنگاوانەی بە گرنگ باس کرد کە خزمەت بە بەرزکردنەوەی ئاستی ئابووری و بازرگانی و گەشەی پیشەسازی لە ناوچەکەدا دەدەن.