دیدارێک بۆ پێشوازیکردن لە وەزیری دەرەوەی نەمسا بەڕێوەچوو
رۆژی چوارشەممە ١٣ی ئەیلولی ٢٠٢٣، کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەیاوەری سەروەر کەمال هاواری، بریکاری وەزارەت بۆ کاروباری بازرگانی و بە ئامادەبوونی چەند وەزیرێکی دیکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەدیدارێکدا پێشوازییان لە ئەلێکساندەر چاڵینبێرگ، وەزیری دەرەوەی کۆماری نەمسا کرد کە بە سەردانێکی فەرمی لەگەڵ شاندێكی یاوەری هاتوون بۆ هەرێمی کوردستان.
لە سەرەتای دیدارەکەدا بە وتارێک بە ناوی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازییەوە، بەخێرهاتنی وەزیری دەرەوەی کۆماری نەمسا و شاندی یاوەری کرا کە تیایدا سەردانەکە بەهەنگاوێکی گرنگ باسکرا لە دروستکردنی پەیوەندیی و هاوبەشی بازرگانی لەگەڵ کۆماری نەمسا.
دواتر سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و خۆشحاڵی خۆی بۆ دووبارە كردنەوەی باڵێوزخانەی نەمسا لە بەغداد دەربڕی.
شاندەکەی یاوەری وەزیری دەرەوەی کۆماری نەمسا پێکهاتبووون لە چەندین گەورە بازرگان و خاوەنکار و سەرمایەداری ئەو وڵاتە، مەبەست لە سەردانەکەیان دروستکردنی پەیوەندی بازرگانی و هەماهەنگی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بوو.
دواتر وەزیری دەرەوەی کۆماری نەمسا لە وتارێكەیدا ڕایگەیاند:''خۆشحاڵم سەردانی هەرێمی کوردستانم کردووە و نەمسا چاوی لە ئاڵوگۆڕی زیاتر و بازرگانی زیاترە نەک هەر لە ناو هەرێمی کوردستان، بەڵکو لە تەواوی عێراق.''
پاشان ئاماژەی بەوەدا کە کۆمپانیاکانی نەمسا جێگەی متمانەن و کوالێتیان بەرزە و لە هەمانکاتدا ئەزموونیان زۆرە. ئەمەش وا دەکات کە کۆمپانیا نەمساوییەکان جێگەی پابەندبوون و متمانە بن.
لەكۆتاییدا خاوەن كار و بازرگانانی ناوخۆیی و بیانی لە هەرێمی كوردستان و بازرگانانی نەمساوی دیداری ڕووبەڕویان ئەنجامدا و گرنگی وبایەخ و پێگەی هەرێمی كوردستانیان خستەڕوو.