Skip to the content

دیدارێک بۆ پێشوازیکردن لە وەزیری دەرەوەی نەمسا بەڕێوەچوو

رۆژی چوارشەممە ١٣ی ئەیلولی ٢٠٢٣، کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەیاوەری سەروەر کەمال هاواری، بریکاری وەزارەت بۆ کاروباری بازرگانی و بە ئامادەبوونی چەند وەزیرێکی دیکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەدیدارێکدا پێشوازییان لە ئەلێکساندەر چاڵینبێرگ، وەزیری دەرەوەی کۆماری نەمسا کرد کە بە سەردانێکی فەرمی لەگەڵ شاندێكی یاوەری هاتوون بۆ هەرێمی کوردستان.

‎لە سەرەتای دیدارەکەدا بە وتارێک بە ناوی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازییەوە، بەخێرهاتنی وەزیری دەرەوەی کۆماری نەمسا و شاندی یاوەری کرا کە تیایدا سەردانەکە بەهەنگاوێکی گرنگ باسکرا لە دروستکردنی پەیوەندیی و هاوبەشی بازرگانی لەگەڵ کۆماری نەمسا.

دواتر سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و خۆشحاڵی خۆی بۆ دووبارە كردنەوەی باڵێوزخانەی نەمسا لە بەغداد دەربڕی.

‎شاندەکەی یاوەری وەزیری دەرەوەی کۆماری نەمسا پێکهاتبووون لە چەندین گەورە بازرگان و خاوەنکار و سەرمایەداری ئەو وڵاتە، مەبەست لە سەردانەکەیان دروستکردنی پەیوەندی بازرگانی و هەماهەنگی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بوو.

‎دواتر وەزیری دەرەوەی کۆماری نەمسا لە وتارێكەیدا ڕایگەیاند:''خۆشحاڵم سەردانی هەرێمی کوردستانم کردووە و نەمسا چاوی لە ئاڵوگۆڕی زیاتر و بازرگانی زیاترە نەک هەر لە ناو هەرێمی کوردستان، بەڵکو لە تەواوی عێراق.''

‎پاشان ئاماژەی بەوەدا کە کۆمپانیاکانی نەمسا جێگەی متمانەن و کوالێتیان بەرزە و لە هەمانکاتدا ئەزموونیان زۆرە. ئەمەش وا دەکات کە کۆمپانیا نەمساوییەکان جێگەی پابەندبوون و متمانە بن.

‎لەكۆتاییدا خاوەن كار و بازرگانانی ناوخۆیی و بیانی لە هەرێمی كوردستان و بازرگانانی نەمساوی دیداری ڕووبەڕویان ئەنجامدا و گرنگی وبایەخ و پێگەی هەرێمی كوردستانیان خستەڕوو.