Skip to the content

شاندی IFC سەردانی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازییان كرد

رۆژی سێشەممە ١٢ی ئەیلولی٢٠٢٣، كەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی پێشوازی لە شاندێكی رێكخراوی IFC كرد، كە بەمەبەستی هاوكاری و هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەت بۆ پاڵپشتی دارایی پێشخستنی كەرتی تایبەت لە ناوچەكە هاتبوون.

خەواجە ئافتاب ئەحمەد، بەڕێوەبەری هەرێمی IFC لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دوو راوێژكاری رێكخراوەكە ئەندامی شاندەكە بوون و هەریەك لە سەروەر كەمال هاواری، بریكاری وەزارەت بۆ كاروباری بازرگانی و راوێژكاری پەیوەندییەكان ئامادەی دانیشتنەكە بوون.

وەزیری بازرگانی و پیشەسازی باسی لە ئامانج وهەوڵەكانی كابینەی نۆیەم كرد و وتی: "ئامانجی ئەم كابینەی حكومەت فرە چەشنە كردنی سەرچاوەكانی داهاتە، هەموو هەوڵێكمان بۆ ئەوەیە بەدەر لە نەوت سێكتەرەكانی تریش ببوژێنینەوە و داهات زیاد ببێ و كەرتی پیشەسازیش رێگایەكی باشە بۆ زیادكردنی داهات و بوژاندنەوەی كارگەكان و پیشەسازی بە پاڵپشتی دارایی دەبێت، وەك وەزارەت هەر كارئاسانی و هاوكارییەك پێویست بێت، بۆ ئەو مەبەستە ئەنجامی دەدەین. "

لە وتەكانیاندا ئەندامانی شاندەكە چۆنیەتی مامەڵەكردنیان لەگەڵ خاوەن كار و بەرهەمهێنەرەكان باسكرد و ئامانجی كاركردنیان خستەڕوو كەوا هەوڵدەدەن تۆڕێكی هاریكاری نێوان حكومەت و كەرتی تایبەت دروست بكەن و پێیان وابوو هەرێمی كوردستان ناوچەیەكی لەبارە بۆ كاركردن لە ڕووی سەقامگیری و ئارامیەوە كە ئەمەش هاوكارییەكی باشە بۆ ئەوەی بتوانن پاڵپشتی دارایی كەرتی تایبەت و وەبەرهێنەرانی هەرێمی کوردستان بكەن.