Skip to the content

هەرێمی کوردستان و ڕۆمانیا لە ڕێگەى ئاڵوگۆڕی کۆمپانیاییەوە سەرمایەسازی دەکەن

ڕۆژی چوارشەممە، ١٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٣، بڵند محەمەد مەولوود، بەڕێوەبەری گشتیی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان، پێشوازیی لە پیتر کۆنستیانتین، کونسوڵی وڵاتی ڕۆمانیا کرد.

لە کۆبوونەوەیەکی هاوبەشدا کە بەڕێوەبەری کۆمپانیا بیانییەکان و کۆمپانیا نیشتیمانییەکان ئامادەی بوون، گفتوگۆ لە بارەی ئەو کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانەی کە لە هەرێمی کوردستان دەیانەوێت سەرمایەکانیان لە ڕۆمانیا بەگەڕ بخەن و بە پێچەوانەشەوە کرا.
  ‏
بۆ ئەم مەبەستە کونسوڵی ڕۆمانیا ئامادەییی تەواوی پێشان دا بۆ پاڵپشتیکردنی ئەو کۆمپانیایانەی لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان پشتگیری دەکرێن، بۆ ئەوەی چالاکیی بازرگانی و وەبەرهێنان لەو وڵاتە ئەنجام بدەن، هەروەها بەشداریپێکردنی کۆمپانیاکان و وەبەرهێنەرانی کوردستان لە چالاکییە بازرگانییەکان و پێشانگا نێودەوڵەتییەکان و بە پێچەوانەوەشەوە.

لە لایەکیترەوە، بەڕێوەبەری گشتیی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان هەموو ئاسانکاری و پاڵپشتییەکی هەرێمی کوردستانی بۆ  چالاکییە بازرگانییەکانیەکان و وەبەرهێنەرانی ڕۆمانیا بۆ بەشداریکردن لە پێشانگا نێودەوڵەتییەکان لە هەرێمی کوردستان  و هاوکاریکردنیان بۆ دەربڕی، هەروەها داوای کرد هەوڵی خۆیان بخەنە گەڕ بۆ هێنانی کۆمپانیا ڕۆمانییەکان تا وەبەرهێنان لە سێکتەری کشتوکاڵ و تەندروستی و گەشتوگوزار بکەن.