بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی پێشوازی لە شاندێكی بازرگانی و خاوەنكاری پارێزگای "ئۆرفا - روها" ـی توركیا كرد
![](/media/26207/fb_img_1713893721873.jpg?crop=0,0,0,0.3&cropmode=percentage&width=1200&height=630&rnd=133584318410000000)
ڕۆژى سێشەممە ٢٣ــی نیسانی ٢٠٢٤، سەروەر کمال هاواری، بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بۆ کاروباری بازرگانی، پێشوازی کرد لە مهمەت یایتیم، سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازيی ئۆرفا و دەستەی كارگێڕيی ژوور و ژمارەیەك بازرگان و خاوەنكاری كۆماری توركیا كە لە شاری ئۆرفاوە بە مەبەستی كاری بازرگانی و سەرمایەگوزاری، سەردانی هەرێمی كوردستانیان كردبوو.
لە كۆبوونەوەكەدا تیمێكی وەزارەت كە پێكهاتبوون لە دەستەی ڕاوێژکارانی وەزارەت و بەڕێوهبەرە گشتیيەكانی پلان و بازرگانی و یاریدەدەرەكانیان و بەڕێوەبەری گەشەپێدانی پیشەسازی و كۆمپانیاكانی هەولێر ئامادە بوون بەخێرهاتنێكی گەرمی شاندهكه كرا، دواتر چەندین بابەتی پەیوەست بە كاری بازرگانی و دەرفەتی سەرمایەگوزاری تاووتوێ كران.
هەروەها ڕەوشی بازرگانی و جوڵە و دەرفەتی كار و بزنس لە هەرێمی كوردستان، پەیوەنديی ئابووری و بازرگانی نێوان هەردوولا باسی لێوە كرا.
هەر لەمیانەی كۆبوونەوەكەدا، بریکاری وەزارەت تیشكی خستە سەر ڕۆڵی وەزارەت و ئەو كار و خزمەتگوزاریيانەی كە پێشكەش بە بازرگانان دەكرێت، دواتر ئاماژەی بە بایەخی ئەم دیدار و بەیەکگەیشتنانە دا، کە پێویستیيەکی گرنگن بۆ بەرەوپێشبردن و گەشەسەندنی جوڵەی بازرگانی و ئابووری لە نێوان كۆماری توركیا و عێراق و هەرێمی كوردستان و ناوچەكە.
وا بڕیارە شاندی میوان لە ئایيندەیەكی نزیكدا بە پرۆژە و كاری نوێ لە هەرێمی كوردستان سەرمایەگوزاری بكهن.