ڕێکارەکانی وەرگرتنی گەنمی جوتیاران تاووتوێ کرا
ڕۆژی سێشەممە ٣٠ـی نیسانی ٢٠٢٤، لەمیانەی سەردانێکدا بۆ شاری بەغدا، کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی و بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان و ئەندامانی پەرلەمان م. غەریب ئەحمەد و سوزان کۆچەر، لە لیژنەی کشتوکاڵی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق کۆبوونەوە.
کۆبوونەوەکەیان تایبەت بوو بە ڕێکارەکانی وەرگرتنی گەنمی جوتیاران لەبەر ڕۆشناییی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، لەسەر چۆنییەتی وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵ، دوای گۆڕینەوەی بیر و ڕا و خستنەڕووی سەرجەم زانیاری و داتاکان، پێشنیار کرا کە دەبێت بە هەمان ڕێکاری ناوەڕاست و خوارووی عێراق، مامەڵە لەگەڵ جوتیارانی هەرێمی کوردستان بکرێت و گەنمی جوتیاران لە چوارچێوەی پرۆسەی بەبازاڕکردنی سایلۆکانی عێراق وەربگیرێت.
بڕیارە لیژنەی تەکنیکی لە نێوان هەردوولادا، سەرجەم ڕێکارە پێویستەکان بۆ چۆنییەتی وەرگرتن و بەبازاڕکردنی گەنم، یەکلایی بکەنەوە و لە هەفتەی داهاتوو دووبارە کۆبوونەوە ئەنجام دەدرێت بۆ تەواوکردنی ڕێکارەکان، لەپێناو زامنکردنی بەرژەوەندییەکانی جوتیارانی هەرێمی کوردستان.