سهكۆى ئهليكترۆنى و مۆڵهتى ئالوگۆڕى دراو له شارى بهغدا تاووتوێ دهكرێت
ڕۆژی يهكشەممە ٧ــی نیسانی ٢٠٢٤، شاندێکی هەرێمی کوردستان کە پێکهاتبوو لە بڵند محمد مولود، بەرێوەبەری گشتيی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان و بەختیار حاجی حمد، بەریوەبەری گشتی لە نوێنەرایەتيی حکومەتی هەرێم لە بەغدا و بەڕێوەبەری تۆمارکردنی کۆمپانیا نیشتمانیيەکان، سەردانی بانکی ناوەنديی عیراقى کرد، و لەلایەن د. عمار حمد خلف، جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندی و د. محمد یونس سلمان، بەرێوەبەری گشتيی فەرمانگەی وەبەرهێنان و ناردنەدەرەوەی دراو لە بانکی ناوەندی، پێشوازی لێ کرا.
مەبەست لە سەردانەکە چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی کۆمپانیاکان بوو، کە ناوەکانیان کوردی یان عەرەبی نییە، بۆ چۆنیيەتی دۆزینەوەی میکانزمێکی گونجاو بۆ خێراکردنی تەواوکردنی ڕێکارە پێویستهكان بۆ چوونە ناو سەکۆی ئەليکترۆنی.
لە کۆبونەوەکەدا هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر دۆزینەوەی ڕێکارێکی کارگێری بۆ ئاسانکاريی سوودمەندبوونی کۆمپانیاکانی هەرێم لە ئیمتیازاتەکانی بانکی ناوەنديی عیراق، هەروەها پهلهكردن لە تەواوکردنی ڕێکارەکانی پێدانی مۆڵەتی کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆری دراو، لە هەمان ڕۆژ لەگەڵ خاتوو رفیف موئەیەد، بەرێوەبەری گشتيی بەدواداچوونی دامەزراوە داراییە نابانکیيەکان، کە تیایدا بڕیار درا کاتی خایەندراو بۆ وەرگرتنی ڕەزامەندی لایەنە ئەمنیيەکان ئەژمار نەکرێت لەو ماوەی بانکی ناوەندی دایناوە کە دواکات ٣٠ حوزهيرانى ساڵى ٢٠٢٤ــه، بۆ تەواوکردنی سەرجەم پێداویستیيەکانی وەرگرتنی مۆڵەتی پلە (أ) و (ب).
هەروەها شاندهكه داوای کرد کۆمپانیاکانی ئالوگۆڕی دراو سەرجەم پێداویستیيەکان پێشکەش بە لقی بانکی ناوەندی لە هەرێم بکەن و پێویست ناکات ڕاستەوخۆ سەردانی بانکی ناوەنديی لە بەغدا بکەن.