وهزيرى بازرگانى و پيشهسازى: پشتگيرى ههر سهرمايهدار و كۆمپانيايهكى قهتهرى دهكهين بۆ وهبهرهێنان له كوردستان
ڕۆژى دووشەممە ٢٢ــی نیسانی ٢٠٢٤، کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی، پێشوازی لە حوسێن بن عەلی فەزالە، کونسلی وڵاتی قەتەر لە هەولێر کرد، ئامانج لەم سەردانە بەهێزکردنی پەیوەنديی بازرگانيی نێوان هەردوولا و کارکردنی هاوبەش لە بواری وەبەرهێنان و پیشەسازی و بازرگانی بوو، بە تایبەت لە دوای کردنەوەی کونسلخانەی ئەو وڵاتە لە هەولێر، کە بڕیارە لە کۆتایيی مانگی داهاتوو بکرێتەوە.
لە میانی دانیشتنێکدا کە هەریەکە لە بەڕێوەبەری گشتيی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان و بەڕێوەبەری گشتيی گەشەپێدانی پیشەسازی ئامادەى بوون، باس لە پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی قەتەر کرا، چەند تەوەرێک کە دەبێتە هۆکاری زیاتر پەرەپێدانی ئەو پەیوەندیيانە گفتوگۆ کران.
وەزیری بازرگانی و پیشەسازی تیشکی خستە سەر ئاستی پەیوەندییە بازرگانیيەکان و سەردانەکەی کونسلی وەک هەنگاوێکی باش بۆ زیاترکردنی ئەو پەیوەندیيانە باسکرد و گوتی: ئێمە لە هەرێمی کوردستان پەیوەندیيە ئابووریيەکانمان لەگەڵ وڵاتی قەتەر لە ئاستێکی باش دایە، دەکرێت پێش بخرێت و سود لە ئەزموونی ئێوە وەربگرین لە بواری وەبەرهێنان و گەشەی ئابووریدا، هەروەها کردنەوەی کونسلخانەی قەتەر لە هەولێر کاریگەريی باشی بۆ بەهێزبوونی پەیوەندیيە ئابوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و قەتەر دەبێت.
هەروەها پشتگیری و هاوکاريی تەواوی وەزارەتی بۆ هەر سەرمایەدار و کۆمپانیایەکی قەتەری دەربڕی، بەپێی ڕێنمایی و یاسا بەرکارەکان کاراسانیيان بۆ دەکرێت، لە چوارچێوەی پلانی ساڵانەی وەزارەتدا وەبەرهێنان و پرۆژەکانیان ئەنجام بدەن.
لە گوتەکانیدا کونسلی قەتەر لە پاش دەربڕینی خۆشحاڵی بە کارکردن لە هەرێمی کوردستان، کە بۆ ئەوان ناوچەیەکی گرنگ و ئارامە گوتی: ئێمە ئامانجمانە لە هەرێمی کوردستان کاری وەبەرهێنان و بازرگانی و پیشەسازی بکەین، و سود لە سەرچاوە جیاوازەکانی داهات و گەشەی ئابووری وەربگرین، هەرێمی کوردستان دەوڵەمەندە، دەمانەوێت بچێتە قۆناغێکی تر کە پشت بە سامانی سروشتيی نانەوتی و ئەو پیت و بەرەکەتەی لە خاکەکەیدا هەیە ببەستێت، هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد لە کوردستان بەبێ جیاوازی پرۆژەکان، بەپێی گرنگی و پێویستی لە ناوچەکان جێبەجێ دەکەن و پێی وابوو سەرکەوتوو دەبن چونکە لەگەڵ هەرێم و دەوروبەری لە ڕووی سیاسییەوە قەتەر گرفتێکی نیيە و گونجاوە.