وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی لهگهڵ بازرگانانی تایلاند ديدارێكى ساز كرد
ڕۆژى چوارشهممە ٢٨ى ئابى ٢٠٢٤، سەروەر کەمال هاواری، بریکاری وەزارەت بۆ کاروباری بازرگانی، لەگەڵ باڵیۆزى تایلەند لە ئوردن و عێراق و شاندێکى بازرگانيی تایلەندى کە سەردانى هەرێمى کوردستانیان کردووە دیدارێکیان ئەنجام دا.
لە دیدارەکەدا بریکاری وەزارەت بەخێرهاتنى باڵیۆز و شاندەکەی کرد و خۆشحاڵيی خۆى بە سەردانى ئەو شاندە دهربڕى، کە لە نوێنەرى چەندین کۆمپانیاى جیاواز لە چەندین بواردا پێكهاتبوون. پاشان کورتەیەکی لەبارەى سیاسەتى حکومەتی هەرێمى کوردستان و وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی لە بوارى پەرەپێدانى پەیوەنديى ئابوورى و بازرگانى لەگەڵ وڵاتان خستە ڕوو و ئاماژەى بەوە دا کە پلان و بەرنامەى حکومەتى هەرێم بریتیيە لە فرەچەشنکردنى سەرچاوەکانى داهات، بۆ ئەم مەبەستەش بنيادنانى پردی پەیوەندى لەگەڵ بازرگانان و کۆمپانیاکانى کەرتى تایبەت لە وڵاتان، بەشێکە لە هەنگاوهكان، هاوکات ئاماژەى بە گرنگيی وڵاتى تایلەند دا، کە یەکێکە لەو وڵاتانەى باشوورى ڕۆژهەڵاتى ئاسیا کە گەشەیەکى خێراى ئابوورى هەیە، بۆ ئەم مەبەستەش دەتوانن سوود لە شارەزایی و ئەزموونیان وەربگرن.
هەروەها باڵیۆزى تایلەند لە ئوردن و عێراق بە ناوى خۆی و شاندى یاوەرى سوپاسی ڕێکخەرانی دیدارەکەی کرد و مەبەستى سەردانەکەى خستە ڕوو ، وە ئاماژەى بەوە دا کە شاندەکەیان پێکهاتوون لە نوێنەرانى چەندین کۆمپانیاى جیاواز، بە تایبەت وەک نوێنەرانى کۆمپانیاکانى کەرتى پیشەسازيى خۆراک، خواردنى دەریایی، دەرمانسازى، جوانکارى، کەرتى تەندروستى و نوێنەرانى زانکۆکان. ههروهها باڵيۆزى تايلهند باسی لەوە کرد کە لە میانەى مانەوەیان لە هەرێمى کوردستان چەندین دیدار و کۆبوونەوەی تریان دەبێت.
لە درێژەى گوتەکانيدا، باڵیۆزى تايلهند ئاماژەى بەوە دا کە هاتنى ئەو ژمارە زۆرەى نوێنەرى کۆمپانیاکانى وڵاتى تایلەند ئەوە دووپات دەکاتەوە کە حکومەتى ئهو وڵاته بە گرنگیيەوە خوازیارى پتەوکردنى پەیوەندیيەکانيەتى لەگەڵ عێراق و هەرێمى کوردستان.