وەزیری بازرگانی و پیشەسازی پێشوازی لە کونسولی گشتيى ڕووسیا کرد
ڕۆژى دووشەممە ٥ی ئابی ٢٠٢٤، کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی، بەئامادەبوونی سەروەر کەمال هاواری، بریکاری وەزارەت بۆ کاروباری بازرگانی و عەلی عوسمان، بریکاری وەزارەت بۆ کاروباری پیشەسازی، پێشوازی لە ماکسیم روبین، کونسولی گشتيی ڕووسیا لە هەرێمی کوردستان كرد و باسیان لە پەیوەنديی بازرگانی، ئابووری و مێژوویی نێوان هەرێمی کوردستان و ڕووسیا کرد.
لە كۆبوونهوهكهدا ئاستی بازرگانی و پیشەسازی بهوردى باسيان لێوه كرا، و کونسولی گشتی بەگرنگیيەوە باسی لە پەیوەنديی مێژوویيی کوردستان و ڕووسیا کرد و گوتی: کورد و کوردستان بۆ ئێمە جێی بایەخن و ڕووسیا هەمیشە وەک وڵاتێكى بەهێز لە پشت دۆسیەکانی کوردەوە، خۆی بە بەرپرسیار زانیوە. هەروەها لە ڕووی بازرگانی و ئابوورییەوە، ناوچەیەکی گرنگە و دەمانەوێت زیاتر پەیوەندییەکانمان بەرەوپێش ببەین، ئامانجمانە وەک ناوەندێکی ئابووری، پیشەسازی و بازرگانی، سوود لە هەرێمی کوردستان وەربگرین لە ناوچەکەدا. دەمانەوێت بە گۆڕینەوەی بۆچوون و پێشنیار بزانین چی باشترینە بۆ سەرکەوتنمان لەو بوارەدا، تاکوو ئەنجامی بدەین.
لای خۆیەوە وەزیری بازرگانی و پيشهسازى وێڕای بەخێرهاتن، تیشکی خستە سەر ئاستی پەیوەندییەکان و ئەم سەردانەی بە هەنگاوێکی گرنگ بینی، بۆ دەستپێکێکی باش لە پێشخستنی پەیوەنديی بازرگانی و پیشەسازی و گوتی: کوردەکان و گەلی ڕووسیا مێژوو پێکەوەی بەستوون، ئەمەش هۆیەکە بۆ کوردستان و حکومەت، تاكوو مامەڵەکردن و بەهێزکردنی پەیوەندیيەکان ئاسانتر و سەرکەوتووتر بن.
وەزیری بازرگانی و پيشهسازى لە درێژەی قسەکانیدا هەموو هاوکاری و پشتیوانیيەکی حکومەت و وەزارەتی بۆ هەر هەوڵێک خستە ڕوو، بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بازرگانيی هەرێم و ڕوونکردنەوەی لەبارەی پیشەسازی و پێداویستیيەکانی هەرێم بۆ کەرتی پیشەسازی و بازرگانی خستە ڕوو و گوتی: کاراسانی تەواو کراوە بەپێی یاسا و ڕێنماییەکان لە کەرتی پیشەسازی و کارگەکان و ئاڵوگۆڕی بازرگانیدا.