یاریدەدەری كونسولی گشتیی توركیا سەردانی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی كرد
ڕۆژی دووشەممە ١٢ی ئابی ٢٠٢٤، سەروەر کەمال هاواری، بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بۆ کاروباری بازرگانی، پێشوازی لە كەرەم طوزلو، یاریدەدەری كونسولی گشتیی توركیا بۆ كاروباری بازرگانی و ئابووری لە كونسولخانەی گشتیی كۆماری توركیا لە هەولێر کرد. مەبەستی سەردانەكە ماڵئاواییی ناوبراو بوو، بەهۆی كۆتاییهاتن بە ئەرك و كارەكەی لە كونسولخانە و گەڕانەوەی بۆ وەزارەتی بازرگانیی توركیا.
لە پێشوازییەكەدا كە دەستەی ڕاوێژکارانی وەزارەت و بەڕێوەبەرانی گشتیی پلاندانان، بازرگانیی گشتی و بازرگانیی کەرکووک ئامادە بوون، ناوبراو سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی وەزارەت كرد، كە لە ماوەی كاركردنی هاوكار و هەماهەنگ بوون، لەپێناو پێشخستنی پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەكان.
بریکاری وەزارەت بەناوی وەزارەتەوە سوپاسی ئاراستە كردن، كە هەمیشە ڕۆڵی كارای هەبووە لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییە بازرگانییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری توركیا، وە هیوای سەركەوتنی لە كار و ئەركی نوێی لە وێستگەی دیكەی كاركردنی بۆ خواست.