بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی پێشوازی لە دامەزرێنەری ماڵی بازرگانیی كۆماری ئازەربێجان کرد
ڕۆژی دووشەممە ٢٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤، سەروەر کەمال هاواری، بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بۆ کاروباری بازرگانی، بە ئامادەبوونی هەر یەکە لە ڕاوێژکارانی پەیوەندییەکان و یاساییی وەزارەت، پێشوازی لە بیوک ئەحمەدوڤا، دامەزرێنەری ماڵی بازرگانیی ئازەربێجان لە هەرێمی کوردستان و میهران ئۆزتورک، نوێنەری ماڵی بازرگانیی ئازەربێجان لە هەرێمی کوردستان کرد.
دوای بەخێرهێنانی شاندی میوان، باس لە هێنانەکایەی دەرفەت و ڕەخساندنی هەلومەرجی لەبار كرا، بۆ پەرەپێدانی پەیوەندیی زیاتری نێوان هەرێمی کوردستان و كۆماری ئازەربێجان لە ڕووی بازرگانی و ئابوورییەوە، بە مەبەستی وەگەڕخستنی سەرمایەی بیانی لە هەرێمی كوردستان.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، باس لە دۆخی سەقامگیر و ئارامی هەرێمی کوردستان کرا، کە هۆکارێکی گرنگە بۆ سەرمایەگوزاری و پەرەپێدانی كەرتە ئابوورییەكان.
ماڵی بازرگانیی كۆماری ئازەربێجان لە ئاییندەدا دەبێتە پردی پەیوەندی لە نێوان خاوەنی كۆمپانیا و سەرمایەدارانی ئازەربێجان و هەرێمی كوردستان.