بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بەشداری لە دیدارێكدا کرد
ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠٢٤/٢/١٥، سەروەر کمال هاواری، بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بۆ کاروباری بازرگانی، لە ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر، بەشداری لە دیدارێكدا کرد كە بۆ پێشوازی بارۆنا ئێما نیكڵسن، دامەزرێنەر و سەرۆكی ئەنجومەنی كاری عێراقی- بەریتانی (ئای بی بی سی) و نێردەی بازرگانیی سەرۆكوەزیرانی بەریتانی و شاندێكی یاوەری ڕێكخرابوو. سەرەتا لەلایەن سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر گوتاری بەخێرهاتن پێشكەش كرا، دواتریش بریکاری وەزارەت بە ناوی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازییەوە گوتاری دەستخۆشی ڕێكخەران و بەخێرهاتنی شاندی میوانیان پێشكەش كرد، لە دیدارەكەدا كە كونسوڵی گشتیی بەریتانیا و ئەندامانی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر و بازرگان و خاوەنكاران ئامادەی بوون، باس لە پتەوكردنی پەیوەندییەكان و چۆنییەتی كاركردن بۆ بەرزكردنەوەی قەبارەی ئالوگۆڕی بازرگانی و وەگەڕخستنی سەرمایە و كەرتی بانكی کرا.