Skip to the content

ئاسانکاری لە رێکارەکانی پێدانی متمانەی بەراییەکان بۆ کۆمپانیاکانی هەرێم دەکرێت

بڵند محەمەد مەولوود، بەڕێوەبەری گشتی تۆماركردنی كۆمپانیاكانی هەرێم بە ئامادەبوونی بەختیار حاجی حەمەد، بەڕێوەبەری گشتی لە نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە بەغدا و بەڕێوەبەری تۆمارکردنی کۆمپانیا نیشتمانیەکان و بەڕێوەبەری ناوی بازرگانی سەردانی شاری بەغدایان کرد و لە لایەن رەشاد خەلەف، بەرێوەبەری گشتی تۆمارکردنی کۆمپانیاکانی بەغدا پێشوازیان لێ کرا.

 لە کۆبونەوەیەکدا گفتوگۆ کرا لەسەر چۆنیەتی ئەنجامدانی ئاسانکاری و بەردەوام بوونی هەماهەنگی هەردوولا و دوای تاوتوێکردنی بابەتەکان لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە ڕێکەوتن:   

١. ئاڵوگۆڕی داتا و زانیاری دەکرێت بەشێوەیەک سیستەمی داتەبەیسی تۆمارکردنی لیستی رەش و لیستی ناوی کەسە قەدەغەکراوەکان بۆ بوون بە بازرگان و خاوەن کۆمپانیا کە لە فەرمانگەی تۆماری کۆمپانیاکانی بەغدا هەیە ، بەردەست دەکرێت بۆ بەرێوەبەرایەتی گشتی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان بۆ وەرگرتنی زانیاریەکان و بۆ زیادکردنی لیستەکانی هەرێم لەم داتەبەیسە لە لایەن فەرمانبەری تایبەتمەند لە تۆمارکاری کۆمپانیاکانی هەرێم.

٢. ئاسانکاری لە رێکارەکانی متمانەی بەراییەکان ( اعتماد اولیات ) لە نێوان هەردوولا بکرێت.

٣. هەوڵبدرێت کە رێکارەکانی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان لە نێوان هەردوولا یەکبخرێت.

٤.  هەماهەنگی بەردەوام لە نێوان هەردوو لا بۆ هاندانی کەرتی تایبەت و بازرگانان بکرێت.

جێی ئاماژەیە بەمەبەستی هاندان و بووژاندنەوەی کەرتی تایبەت و پاڵپشتی کردنی وەبەرهێنەران لە هەرێمی کوردستان ، بەرێوەبەرایەتی گشتی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان لەئەنجامی سەردان و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بە مەبەستی هەماهەنگی و چارەسەرکردنی ئەو گرفتانەی رووبەرووی خاوەن کۆمپانیاکان و وەبەرهێنەران دەبێتەوە و بەردەوامە.