بازرگانان لە حەواڵەکردنی دۆلار بە نرخی بانکی مەرکەزی لە کارە بازرگانیيەکانیان سوودمەند بن
ڕۆژى پێنجشەممە ٢٢ی شوباتی ٢٠٢٤، لە چوارچێوەی سەردانەکەیان بۆ پارێزگای سلێمانی، ئەسیر داود، وەزیری بازرگانيی عێراق و کەمال موسلیم وەزیری بازرگانی و پیشەسازيی هەرێم، لەگەڵ ژووری بازرگانيی هەڵەبجە کۆبوونەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا ئهو گرفتانهى کە بوونەتە هۆی خاوبوونەوەی بازرگانی، گهنگهشه كران، و بە نووسراوی فەرمی ئاراستەی وەزیری بازرگانيی عێراق کرا.
داوا له حکومەتی عێراقی كرا بۆ بەهێزکردنی کەرتی پیشەسازی لە ناوخۆی عێراقدا کاراسانی بکات، و ئالوگۆڕی بازرگانی لە نێوان هەرێم و شارەکانی خوارووی عێراق گرفتیان بۆ دروست نەکرێت، هەروەها باسیش لەوە کرا کە بازرگانان لە حەواڵەکردنی دۆلار بە نرخی بانکی مەرکەزی لە کارە بازرگانیەکانیيان سوودمەند بن، ئەو بانکانەی لە پارێزگای سلێمانی لەگەڵ بانکی مەرکەزيی عێراق کار دەکەن چالاك بكرێن، تا بازرگانان بتوانن سوود لە بڕیارەکانی بانکی مەرکەزی وەربگرن.
وهرگرتنى گهنمى جوتياران، باسێكى ترى كۆبوونهوهكه بوو، داوا كرا حکومەتی عێراقى كار بۆ وەرگرتنی تەواوی بەرهەمی جوتیاران بکات.
ههروهها ڕێگرى نهكردن له هاتنهناوهوهى ئاسنى (سكراب) بۆ ههرێمى كوردستان كه كارگهكانى بهرههمهێنانى ئاسن پێويستييان پێيهتى، باسێكى ترى كۆبوونهوهكه بوو.
وەزیری بازرگانی و پیشەسازيی هەرێم هەموو هاوکاری و پاڵپشتیيەکی بۆ داواکاريی پیشەوهران و بازرگانان دەربڕی، و وەزیری بازرگانيی عێراقیش گوتی: کار بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشە و گرفتانە دەکەن.