Skip to the content

مەرجی دانانی سەرمایە بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی کۆمپانیاکانی ئالوگۆڕی دراو هەڵگیرا

ڕۆژی دووشەممە ٢٦ی شوباتی ٢٠٢٤، بڵند محمد مولود، بەڕێوەبەری گشتیی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان، بە یاوەری شاندێک سەردانی بانکی ناوەندیی عێراقیان کرد و لە لایەن عەلی عەلاق، پارێزگاری ئەو بانکەوە پێشوازی کران
لە کۆبوونەوەیەکدا کە بەختیار حاجی محمد، بەڕێوەبەری گشتی لە نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێم لە بەغدا و بەرێوەبەری کۆمپانیا نیشتمانییەکان و کاظم نامق، بەڕێوەبەری گشتیی لقی هەولێری بانکی ناوەندی و بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی بەدواداچوونی دامەزراوە داراییە نابانکییەکان ئامادەی بوون، باس لە گرفتەکانی کۆمپانیاکانی ئالوگۆڕی دراو لە بانکی ناوەندیی عێراق کرا و لەسەر چەند خاڵێک ڕێککەوتن:
١- تاکو ٣١/ ٣/ ٢٠٢٤، کۆمپانیاکانی ئالوگۆری دراو لە هەرێمی کوردستان مافیان دەبێت رێکارەکانی (دمج) تەواو بکەن و گشت مەرجەکانی بانکی ناوەندی جێبەجێ بکەن و بە پێچەوانەوە دوای ئەم ڕێکەوتە مافی وەرگرتنی مۆڵەتیان نامینێت لەلایەن بانکی ناوەندییەوە.
٢- لەسەر داوای بەڕێوەبەری گشتیی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان، مەرجی دانانی سەرمایەی دوو ملیار و پێنچ سەد هەزار دینار هەڵگیرا کە پێشتر وەک مەرجەکانی وەرگرتنی مۆڵەت دەبوایە کۆمپانیاکان ئەم بڕە پارەیە لە بانکی ناوەندیی عێراق دابنێن.
٣- ئەو کۆمپانیایانەی تەواوی مەرجەکانی بانکی ناوەندییان تەواو کردووە لەچەند هەفتەی داهاتوو مۆڵەتی بانکی ناوەندییان پێ دەدرێت.