Skip to the content

وەزیری بازرگانیی عێراق لە هەرێمی کوردستانە

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی شوباتی ٢٠٢٤، ئەسیر داود، وەزیری بازرگانیی عێراق لە سەردانێکی فەرمی بۆ هەرێمی کوردستان، بە یاوەری کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی کۆمەڵگەی بازرگانییان لە پارێزگای سلێمانی کرد.
بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەرانی گشتیی بازرگانیی هەرێم و گەشەپێدانی پیشەسازی، لەگەڵ بەڕێوەبەری فەرمانگەکانی چاودێریی بازرگانی و بازرگانیی خۆراک و پسولەی خۆراک و تۆمارکردنی کۆمپانیاکان و بازرگانیی دانەوێڵە و دروستکراوی دانەوێڵە، کۆبوونەوە و بەوردی گرفتەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکان، کێشەی کۆگاکان و سەبەتەی خۆراک و بەشەئاردی هاووڵاتییان و پسولەی خۆراک و ئەو بابەتانەی بە وەزارەتەوە پەیوەستن، باسیان لێوە کرا و میکانزمی چارەسەرکردنیان بۆ دانرا. دواتر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ میدیاکان ئامانج و مەبەستی سەردان و کۆبوونەکان خرانە ڕوو، و وەڵامی پرسیاری میدیاکارەکان درایەوە.
جێی ئاماژەیە ئەم سەردانەی وەزیری بازرگانیی عێراق بۆ لەنزیکەوە ئاگاداربوونە لە ئیشوکارەکانی ئەو بەڕێوەبەرایەتییانەی کارەکانیان لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ بە هەماهەنگی بەڕێ دەکەن.