ژمارەیەک کۆمپانیای ژاپۆنی ئامادەیيی خۆیان بۆ كاركردن لە هەرێمی کوردستان دەربڕی
ڕۆژى دووشەممە ٢٦ی شوباتی ٢٠٢٤، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، و سەروەر کەمال هاواری، بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بۆ کاروباری بازرگانی، و نوێنەری نووسینگەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و گەیلان سعید، سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازيی هەولێر، دەستەی وەبەرهێنان، لەگەڵ ژمارەیەک کۆمپانیای ژاپۆنی کۆبوونەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا كە جێن یۆنێدا، بەڕێوەبەری ئۆفیسی جایکای ژاپۆنی لە عێراق، نوێنەری باڵیۆزخانەی ژاپۆن لە بەغدا و دەیان كۆمپانیای ژاپۆنی ئامادە بوون.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار پاش بەخێرهێنانی شاندی میوان، گوتى: سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام جەخت لەسەر هەماهەنگی تەواو لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکان دهكاتهوه، هەروەها خۆشحاڵی بە سەردانی کۆمپانیا ژاپۆنييهكان بۆ کارکردنیان لە هەرێمی کوردستان دەربڕی.
لە گوتەیەكدا بریکاری وەزارەت، بە ناوی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیيەوە بەخێرهاتنی شاندی كۆمپانیا ژاپۆنييهكانى كرد، و ئامادەیيی تەواویان خستە ڕوو لە هاوکاری و هەماهەنگی لەو بوارانەی كە پەیوەندی بە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیيەوە هەیە.