Skip to the content

ژمارەیەک کۆمپانیای ژاپۆنی ئامادەیيی خۆیان بۆ كاركردن لە هەرێمی کوردستان دەربڕی

ڕۆژى دووشەممە ٢٦ی شوباتی ٢٠٢٤، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، و سەروەر کەمال هاواری، بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بۆ کاروباری بازرگانی، و نوێنەری نووسینگەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و گەیلان سعید، سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازيی هەولێر، دەستەی وەبەرهێنان، لەگەڵ ژمارەیەک کۆمپانیای ژاپۆنی کۆبوونەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا كە جێن یۆنێدا، بەڕێوەبەری ئۆفیسی جایکای ژاپۆنی لە عێراق، نوێنەری باڵیۆزخانەی ژاپۆن لە بەغدا و دەیان كۆمپانیای ژاپۆنی ئامادە بوون.
‏‎ وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار پاش بەخێرهێنانی شاندی میوان، گوتى: سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام جەخت لەسەر هەماهەنگی تەواو لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکان ده‌كاته‌وه‌، هەروەها خۆشحاڵی بە سەردانی کۆمپانیا ژاپۆنييه‌كان بۆ کارکردنیان لە هەرێمی کوردستان دەربڕی.
‏‎لە گوتەیەكدا بریکاری وەزارەت، بە ناوی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیيەوە بەخێرهاتنی شاندی كۆمپانیا ژاپۆنييه‌كانى كرد، و ئامادەیيی تەواویان خستە ڕوو لە هاوکاری و هەماهەنگی لەو بوارانەی كە پەیوەندی بە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیيەوە هەیە.