Skip to the content

تاوتوێی دۆخی پڕۆژەکانی بەرهەمهێنانی هێلکە دەکرێت

ڕۆژی یەک شەممە ١٤ی کانونی دووەمی ٢٠٢٤، کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی، و بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، لەگەڵ خاوەنی پڕۆژەکانی بەرهەمهێنانی هێلکەی خواردن لە هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە.

لەکۆبوونەوەکەدا کە بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی و ستافێکی وەزارەتی کشتوکاڵ ئامادەیبوون تاوتوێی دۆخی بەرهەمهێنانی هێلکە لەهەرێمی کوردستان و ئامادەکارییەکان بۆ یەکخستنی دەرفەتەکانی بەبازاڕکردنی کرا وە گفتوگۆ کرا لەسەر پێشنیارێکی وەزارەتی بازرگانی عێراق و دابینکردنی هێلکە دوابەدوای دابینکردنی پێویستی هاووڵاتییانی هەرێم و تەواوکردنی قۆناغی خۆبژێوی بەڕێژەیەکی زۆر بەرز و پێشکەوتوو.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا سەرنج و پێشنیار و داواکارییەکانی خاوەن پڕۆژەکان گوێی لێگیراو بڕیاردرا بە پێکهێنانی لێژنەیەکی هاوبەش لە نێوان وەزارەتەکانی بازرگانی و پیشەسازی و کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان و نوێنەری خاوەن پڕۆژەکانی بەرهەمهێنانی هێلکەی خواردن، بەمەبەستی بەدواداچوون و ئامادەکاری و ئەنجامدانی گفتوگۆ لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی عێراقی و دانانی پلانێکی گونجاو و هاوسەنگ، بە ئامانجی دابینکردنی بڕی هێلکەی پێویست و داواکراو وە ڕاگرتنی بالانسی پێویست ، لەدوای دیراسەکردنی بڕی بەرهەمهێنان و پێویستیەکانی بازاڕی ناوخۆ ، بە رەچاوکردنی بەرژەوەندی و سوودی گشتی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و عێراق.