وەزیری بازرگانی و پیشەسازی پێشوازی لە کونسڵی گشتی بەریتانیا لە هەرێم کرد
رۆژی دووشەممە ٢٩ی کانوونی دوەمی ٢٠٢٤، کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی پێشوازی لە جەیمس گۆڵدمان، کونسڵی گشتی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان کرد و گفتوگۆیان لە بارەی بازرگانی و پیشەسازی نێوان هەردوولا کرد.
لە کۆبوونەوەیەکدا دامیان ئەلین سۆن، بەرپرسی پاشکۆی بازرگانی لە باڵیۆزخانی بەریتانیا و دەشنێ کەریم، ڕاوێژکاری بازرگانی نێودەوڵەتی هاوەڵی کونسڵ بوون، هەریەکە لە سەروەر کەمال هاواری، بریکاری وەزارەت بۆ کاروو باری بازرگانی و ڕاوێژکاری پەیوەندییەکان و بەڕێوەبەرانی گشتی دیوان و پلاندانان و بەدواداچوون و بازرگانی و گەشەپێدانی پیشەسازی ئامادەبوون بەوردی گفتوگۆ لەسەر پەیوەندییە بازرگانیەکان کران و پێشنیاری پێویست کرا بۆ پێشخستنی پەیوەندییەکان.
لەووتەکانیدا وەزیری بازرگانی و پیشەسازی جەختی لە هەماهەنگی زیاتر کردەوە لە ڕێگەی کونسڵخانەی بەریتانیا و ژوری بازرگانی بەریتانیا تا بتوانن هەرێمی کوردستان بکەنە ناوەندێکی بازرگانی بۆ بازرگانانی بەریتانیا و کۆمپانیاکانیان، هەروەها باس لە پلانی ساڵانەی وەزارەت و گرنگیدانی حکومەت کرد بە پێشخستنی کەرتەکانی پیشەسازی و بازرگانی بە ئامانجی بەرزبوونەوەی ئاستی ئابووری هەرێم و پێشنیاری کرد ئەو پشگیرییە داراییانەی لە عێراق دەکرێت بۆ پرۆژەکان هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە تابتوانرێت سود لە ئەزمونی بەریتانیا وەربگیرێت.
لەلایەن خۆیەوە کونسڵی گشتی بەریتانیا خۆشحاڵی بە کارکردنیان لە ناوهەرێمی کوردستان دەربڕی لەڕوی سەقامگیری و رایگەیاند:'' ئاستی پەیوەندییە بازرگانیەکانمان لەگەڵ کوردستان زۆرباشە دەمانەوێت زیاتری بکەین بەپێی ئەو پێویستیانەی لە ناوچەکە هەیە پرۆژەکان ئەنجام بدەین، بۆئەم مەبەستەش پێویستمان بەهەماهەنگی حکومەت و وەزارەت هەیە کە وا هەمووکات هاوکاربوون.''