شاندێكی باڵای كۆمەڵەی پیشەسازیكاران و پیاوانی كاری توركی - عێراقی سەردانی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیيان كرد
ڕۆژی دووشەممە ٨ی تەممووزی ٢٠٢٤، لە دیوانی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، سەروەر کەمال هاوار، بریکاری وەزارەت بۆ کاروباری بازرگانی و عەلی عوسمان، بریكاری وەزارت بۆ كاروباری پیشەسازی، پێشوازیيان لە شاندێكی باڵای كۆمەڵەی پیشەسازیكاران و پیاوانی كاری توركی - عێراقی (تیسیادTISIAD) كرد، بە سەرۆكایەتيی مهمەد ساڵح چلیك، سەرۆكی كۆمەڵە و بە یاوەری ٢٥ بازرگان و خاوەنكاری توركیا كە سەردانی هەرێمی كوردستانیان كردبوو.
لە كۆبوونەوەیەكی فراواندا كە تیمی وەزارەت و ئەندامانی كۆمەڵەی تیسیاد و سەرجەم بازرگان و خاوەنكارەكان ئامادەی بوون، چەندین تەوەری گرنگی بازرگانی و پیشەسازی و ئابووريی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی توركیا گفتووگۆیان لەبارەوە كرا و خاڵ و پێشنیازی بەسوود لە بەرژەوەنديی گەشەی بازرگانی و بەرزكردنەوەی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانيی نێوان هەردوو وڵات خرانە ڕوو.